قاسم سلێمانی هۆکاری دەستلەکارکێشانەوەی محەمەد جەواد زەریف ئاشکرادەکات

قاسم سلێمانی فەرماندەی سوپای قودسی ئێران ئاشکرایکرد، ئامادەنەبوونی محەمەد جەواد زەریف لە دیدارەکانی بەشار ئەسەدی سەرۆکی سوریا، بە ئەنقەست نەبووە، هەر ئەوەش بووە هۆی ئەوەی دەستلەکاربکێشێتەوە.

سەرۆکی فەیلەقی قودسی سەر بە سوپای پاسداران لە بەیاننامەیەکدا، کە لەلایەن ماڵپەڕی هەواڵی سەربە سوپای پاسدارانەوە بڵاوکراوەتەوە ڕایگەیاند، لە میانی سەردانەکەی بەشار ئەسەد سەرۆکی سوریا بۆ تاران و کۆبوونەوەی لەگەڵ حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ئێران، کێشە و کەموکوڕییەک لە هەندێک لە هەماهەنگییەکانی سەرۆکایەتیدا ڕوویداوە، ئەوەش بووەتە هۆی ئامادەنەبوونی محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوە و، هەر ئەوەش بووەتە هۆی توڕەبوون و زویر بوونی.

قاسم سلێمانی ڕایگەیاند، بەڵگەکان ئاماژەن بۆ ئەوەی ئامادەنەبوونی وەزیری دەرەوە، بە ئەنقەست نەبووە لەو دیدارەدا، بۆیە جەختدەکینەوە جەواد زەریف وەک وەزیر بەرپرسە لە کاروباری دەرەوەی ئێران و بەرپرسی سەرەکیشە لە بواری سیاسەتی دەرەوەی تاران.

لە بەشێکی تری وتەکانیدا سەرۆکی سوپای قودس ستایشی کار و دەستکەوتەکانی وەزیری دەرەوەی ئێرانی کرد بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانی ئێران لەسەر بەزرترین ئاست.

جەختیشیکردەوە، جەواد زەریف لە ماوەی دەسەڵاتی وەزارەتی دەرەوەی ئێرانی وەرگرتووە، لە لایەن عەلی خامنەئی ڕابەری باڵاوە پشتیوانی و کۆمەکی تەواو کراوە.

ئەوەش لە کاتیکدایە دوای ئەوەی شەوی دووشەممەی ڕابردوو ٢٥ی شوباتی ٢٠١٩، محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران دەستلەکارکێشانەوەی لە پۆستی وەزیری دەرەوەی ئێران ڕاگەیاند، حەسەن رۆحانی سەرۆک کۆمار دەستلەکارکێشانەوەکەی ڕەتکردەوە.



PM:04:23:27/02/2019