لە كۆشكی سەلام هێز و كوتلە سیاسیەكانی عێراق كۆبوونەوە

لەسەر بانگهێشتی د. بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری عێراق ئێوارەی دوێنێ لەكۆشكی سەلام لەبەغدا یەكەم كۆبونەوەی ڕاوێژكاری نیشتمانی ئەنجام درا.

لوقمان فەیلی، وتەبێژی سەرۆكایەتی كۆمار رایگەیاند، كۆبونەوەكە باسی لەبارودۆخی وڵات و گۆڕانكارییە ئەمنی و سیاسییەكان و دوا پێشهاتەكانی جەنگی دژی تیرۆر و هەڵوێستەكانی تایبەت بە بونی هێزی بیانی له ‌عێراق و ڕادەی جێبەجێكردنی كارنامەی حكومەت و كاركردن بۆ وەلانانی گرفت و ناكۆكییەكان و باس لەدانانی ئەو یاسایانە كرا كە دەبنە مایەی باشتركردنی ژیان و گوزەرانی هاووڵاتیان و پەیوەندی نێوان حكومەت و پەرلەمان.
 
هەروەها  فەیلی دووپاتی كردەوە، بەشداربووانی كۆبونەوەكە پێداگریان له ‌پێویستی گەڵالەكردنی بۆچونێكی هەمەلایەن كرد بۆ باشتر بەڕێوەبردنی وڵات و دەستەبەركردنی خۆشگوزەرانی و دۆزینەوەی چارەسەرێكی گونجاو بۆ نەهێشتنی بەربەستەكانی بەردەم پرۆسەی دیموكراسی لەعێراقدا، هاوكات باس لەدانانی ئەو یاسایانە كرا كە دەبنە مایەی باشتركردنی ژیان و گوزەرانی هاووڵاتیان و پەیوەندی نێوان حكومەت و پەرلەمان.

كۆبوونەوەكە بەئامادەبوونی هەرسێ سەرۆكایەتیەكەی عێراق و بەشداری حزب و لایەنەكانی عێراق و هەرێم بەڕێوەچوو و جەختیان له ‌پێویستی بەردەوامی كۆبوونەوەكان بۆ نزیككردنەوەی دید و بۆچونەكان بۆ نەهێشتن و كەمكردنەوەی ناكۆكی هێزەسیاسیەكان كردەوە، تاوەكو ببێتە هۆكاری چەسپاندنی پرنسیپەكانی دیموكراسی و دادپەروەری لە عێراقی فیدراڵدا.




AM:10:15:28/02/2019