وادەی ناردنی بودجە لە بەغداوە ئاشكرادەكرێت

جێگری دوەمی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران ڕایدەگەیەنێت، "تائێستا یاسای بودجەی 2019 جێبەجێنەكراوەو چاوەڕواندەكرێت لەچەند ڕۆژی داهاتودا جێبەجێبكرێت و پارە ڕەوانەی هەرێم بكرێت".

بەشیر حەداد، جێگری دوەمی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران لەكۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا لەشاری‌ هەولێر ڕایگەیاند، ڕۆژی 5ی 3ی 2019 پشوی پەرلەمان عیراق كۆتایی دێت و ڕۆژی 9ی مانگیش یەكەم كۆبونەوەی وەرزی دوەمی پەرلەمان بەڕێوەدەچێت، وتیشی "چاوەڕواندەكرێت هەریەك لەسەرۆك كۆماری عیراق و سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و سەرۆكی ئەنجومەنی قەزایی عیراق بانگهێشتی پەرلەمان بكرێن، بۆ ئاگاداربون لەكارەكانیان".

لەبارەی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغداشەوە، ناوبراو ڕایگەیاند، "لەئێستادا ئیرادەیەكی باش هەیە بۆ چارەسەری كێشەكان و لێتێگەیشتنیش هەیە لەنێوان هەرێم و بەغدا".

سەبارەت بەپۆستی وەزیری دادی عیراقیش بەشیر حەداد وتی‌ "تائێستا ئەو پۆستە یەكلایی نەبۆتەوەو لەدوای ڕێكەوتنی نێوان یەكێتیی و پارتی، دەردەكەوێت كە پۆستی وەزیری داد بۆ چ لایەنێك دەبێت".

جێگیری دوەمی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران باسی لەپارەی قەرەبوكردنەوەی لافاو لەناوچەكانی هەرێم كردو ڕایگەیاند، "بڕی قەرەبوكردنەوەكە دیارنییە چەندەو پێشتریش نوسراومان ئاراستەی وەزارەتی دارایی كردوەو جەختدەكەینەوە كە لەسەر بودجەی نائاسایی، قەرەبوی‌ ئەو هاوڵاتیانەی‌ هەرێم بكرێتەوە، ئەمە جگەلەوەی لەبودجەی ئەمساڵدا بڕی 15 ملیار دینار بۆ ئەو ناوچانە دیاریكراوە كە پشكی هەرێمی تێدایە".

لەبارەی جێبەجێكردنی بودجەی عیراق و ناردنی پشكی هەرێم، بەشیر حەداد وتی "تائێستا هیچ پارێزگایەك پارەی بودجەی 2019ی بۆ نەچوە و چاوەڕواندەكرێت لەچەند ڕۆژی داهاتودا یاسای بودجەی 2019 بكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوەو پشكی هەرێمیش بنێردرێت".



PM:12:58:03/03/2019