سەرۆكی‌ زانكۆی‌ هەڵەبجە داوای یاسایی لەسەر ئێن ئاڕتی

سەرۆكی‌ زانكۆی‌ هەڵەبجە ئاشكرایدەكات، سكاڵای‌ یاساییان لەسەر كەناڵێكی‌ ئاسمانی‌ كوردی‌ تۆماركردوە، ڕاشیدەگەیەنێت، "چاوەڕێی بڕیاری دادگاین".

د.تەحسین عەبدولكەریم زەنگەنە سەرۆكی‌ زانكۆی‌ هەڵەبجە لەكۆنگرەیەكی‌ ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، "دوای‌ ئەوەی‌ یەكێك لەكەناڵەكان ڕاپۆرتێك لەسەر 70 كارمەندی‌ بەڕێز كە گوایە پاداشتكراون و تۆمەتێكی‌ گەورەی‌ دروستكردوە، سكاڵامان ئاراستەی‌ دادگا كردوەو چاوەڕوانی‌ وەڵامی‌ دادگاین تاوەكو بۆمان یەكلابكاتەوە".

د.تەحسین هەروەها وتی‌"كەیسی‌ دوەمیش وەكو هەموان ئاگادارن لەسەر پۆستەكانی‌ زانكۆ بوو بەهەمانشێوە دادگا بۆ ئەم پرسەش تەداخولی‌ كردوەو بانگی‌ ژمارەیەك كەسی‌ لەزانكۆكەش كردوەو چاوەڕوانی‌ بڕیاری‌ ئەو پرسەشین لەلایەن دادگاوە".

سەرۆكی‌ زانكۆی‌ هەڵەبجە جەختیكردەوە، "كەیسی‌ سێیەمیش كە ئەو كەناڵە بڵاویكردۆتەوە تایبەتە بەو تۆمەتەی‌ گوایە سەرۆكی‌ زانكۆ بڕوانامەكەی‌ ساختەیە، ئێمە دەڵێین سەرۆكی‌ زانكۆو ئەنجومەنی‌ زانكۆ هەركەسێكی‌ تر، ملمان لەمو باریكترە لەبەردەم یاسادا، دادگا لەوبارەیەوە هەر بڕیارێك بدات، ئێمە ئەوە جێبەجێدەكەین".

وتیشی " وەك ئاگادارن، من بۆخۆم چەندجارێك پەیوەندیم بەچەند میدیاكارێكەوە كردوەو پێشنیازی‌ بەشی‌ ڕاگەیاندنمان كرد كە دەیكەینەوەو داوامان لەچەند ڕۆژنامەنوس و میدیاكارێك كرد بێنە ناو زانكۆوە".

ئاماژەی‌ بەوەشكرد، هەتا ئامادەیی ئەوەشمان نیشاندا ئەو ڕۆژنامەنوسانە هەرچیەكیان دەوێت ئێمە ئامادەی‌ هاوكاریكردنیانین، بۆیە پێتانڕادەگەیەنم، هیچ پەلەمان نییە لەو كەیسانەو دادگا هەمویان یەكلادەكاتەوە وتیشی "ئەگەر بەویژدانەوە خەڵكی‌ دەڤەرەكە سەیری‌ بكەن ببینن چ جیاوازیەك لەئێستای‌ ئەم زانكۆیەو زانكۆی‌ پێش ئێمەش هەبوەو هەیە، بەڵێنیش دەدەین لەمەی‌ ئێستاش زیاتر زانكۆی‌ هەڵەبجە پێشبخەین".

ئەو وتانەی ناوبراو لەكاتێكدایە كەناڵی ئێن ئاڕتی لە بەڵگەنامەیەكدا ئەوەی بڵاوكردەوە كە بڕوانامەی سەرۆكی زانكۆی هەڵەبجە ساختەیە.



PM:01:53:03/03/2019