هاتوچۆی کۆیە رێگەیەکی سەرەکی بەڕووی بارهەڵگر قەدەغە دەکات

هاتوچۆی كۆیە رایگەیاند، بە بڕیارێکی فەرمی رێگای ھەیبەت سوڵتان بەڕوی شۆفێرانی بارھەڵگردا قەدەغە کراوەو لەبری ئەو رءگایە شۆفێران دەتوانن رێگەی (كەلكە سماق و ئاغجەلەر – كەركوك) بەكاربهێنن.

لە راگەیەندراوێكدا كە ئەمڕۆ یەكشەممە ٣ی ئازار بڵاوکراوەتەوە، تیایدا بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی كۆیە ئاماژەی بەوەكردوە، بەمەبەستی پاراستنی رێگەوبانەكان لە تێكچون و سەلامەتی گشتی، لەسەر فەرمانی بەڕێوەبەری ھاتوچۆی كۆیە بڕیاردرا بە قەدەغەكردنی رێگەی ھەیبەت سوڵتان بە ڕوی شۆفێرانی بارھەڵگر.

ئەوەشهاتووە "شۆفێرانی بارهەڵگر  رێگەیان پێدراوە رێگەی (كەلكە سماق و ئاغ جەلەر – كەركوك) بەكاربێنن، لەو چوارچێوەیەشدا ژمارەیەك مەفرەزەیان لە ناوچەی چنارۆك داناوە و سزای ئەو شۆفێری بارهەڵگرانەیان داوە كە رێگەكەیان بەكارهێناوە.

لە راگەیەندراوەکەیدا هاتوچۆی كۆیە ئەوەشی خستووەتەڕوو، بەكارھێــنانی رێگەی هەیبەت سوڵتان لەلایەن شۆفێرانی بارهەڵگرەوە سەرپێچیە و شۆفێران سزادەدرێن، جگە لەوەش لەرێگەی هێما و تابلۆوە شۆفێرانیان لە بەكارنەهێنانی ئەو رێگایە ئاگاداركردوەتەوە و رۆژانەش بە بەردەوامی چاودێری رێگاكە دەكەن.



PM:08:35:03/03/2019