ئەڵمانیا رەگەزنامە لە داعشە ئەڵمانییەکان وەردەگرێتەوە

ئەڵمانیا رەگەزنامە لەو داعشە ئەڵمانییانە وەردەگرێتەوە كە لەریزەكانی رێكخراوی تیرۆریستی داعشدابوون و ئێستا لە سوریا و عیرق  دەستگیركراون.

رۆژنامەیەكی ئەڵمانی لەو بارەیەوە بڵاویكردۆتەوە: پارتی یەكێتی دیموكراتی مەسیحی و پارتی دیموكراتی سۆسیالیستی هاوبەش لەدەسەڵات، رێكەوتوون لەسەر پلانی  وەرگرتنەوەی رەگەزنامە لەبەشێك لەو داعشە ئەڵمانییانەی لەناو ریزەكانی رێكخراوی تیرۆریستی داعش شەڕیانكردووە. 

بەگوێرەی داتاكان،  لەساڵی 2013 وە  زیاتر لە هەزار هاوڵاتی  ئەڵمانی روویان لەوڵاتانی ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست كردووە بۆ شەڕكردن لەریزی رێكخراوە تیرۆریستییەكان.  لەگەڵ نزیكبوونەوەی راگەیاندنی كۆتاییهێنان بەتیرۆریستان لەسوریا لەلایەن ئەمریكا و  هێزەكانی سوریای  دیموكراتەوە، حكومەتی ئەڵمانیا  تاووتوێی چۆنێتی مامەڵەكردن دەكات لەگەڵ داعشە ئەڵمانییەكان.

بەگوێرەی  زانیاری راپۆرتەكان، نزیكەی سێ یەكی داعشە ئەلمَانییەكان گەڕاونەتەوە بۆ وڵاتەكەیان و سێ یەكی تریان لەشەڕەكاندا لەریزی رێكخراوی تیرۆریستی داعش كوژراون , هەروەك پێشبینیش دەكرێت ئەوانەی لەژیاندا ماونەتەوە، تائێستا لەسوریا و عیراق بن كە بەشێكیان لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی عیراق و هێزەكانی سوریای دیموكرات لەسوریا دەستگیركراون


PM:07:12:04/03/2019