حکومەتی هەرێم پەیامێکی بڵاوکردەوە

ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بۆنەی ٢٨ هەمین ساڵەی یادی ڕاپەڕینی جەماوەریی ئازاری ١٩٩١ی لە باشووری کوردستان، پەیامێکی بڵاوکردەوە.

لە بەشێکی  پەیامەکەی ئەنجومەنی وەزیرانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستاندا ھاتووە  "ڕاپەڕین بە یەکڕیزی و یەکگرتوویی لایەنە سیاسییەکان و سەرجەم  پێکھاتە و چین و توێژەکانی، گەورەترین سەرکەوتنی مێژوویی بۆ گەلەکەمان تۆمار کرد".


دەقی پەیامەکە:

جەماوەری سەربەرز و خۆڕاگری کوردستان،

ئەمڕۆ بیست و ھەشت ساڵ بەسەر ڕاپەڕینە مەزنەکەی ئازاری ١٩٩١دا تێدەپەڕێت. بەم بۆنە شکۆدارەوە گەرمترین پیرۆزبایی لە خانەوادەی سەربەرزی شەھیدان و پێشمەرگە قارەمانەکان و سەرجەم کوردستانیانی ئازیز بە ھەموو پێکھاتە نەتەوەیی و ئاینییەکانییەوە لە ناوخۆ و دەرەوەی کوردستان دەکەین.

ڕاپەڕین کە دەنگ و ئیرادەی گەلی کوردستان بوو بۆ ڕەتکردنەوەی ستەم و خۆسەپاندن بەسەر خواست و چارەنووسیدا، بە قوربانیدان و ماندووبوونی گەل و بە یەکڕیزی و یەکگرتوویی لایەنە سیاسییەکان و سەرجەم  پێکھاتە و چین و توێژەکانی، گەورەترین سەرکەوتنی مێژوویی بۆ گەلەکەمان تۆمار کرد. ھەر بەو یەکڕیزی و گیانی خۆڕاگرییە بوو کە لە پاش ڕاپەڕینەوە تا ئێستا ھەرێمی کوردستان چەندین پیلانی شەڕانگێزانەی تیرۆریستان و ناحەزانی لە گۆڕ ناوە و چەندین ئاستەنگ و قەیرانی نەخوازراوی بە سەرکەوتوویی تێپەڕاندووە.


کوردستانیانی ئازیز،

خەبات و خۆراگریی ئێوە بۆ ھێنانەدیی ژیانێکی ئازاد و سەربەرزانە و دنیایەکی شارستانیی پڕ لە ئارامی و لێبوردەیی و ئاشتی و خۆشگوزەرانی بووە. ژیانێک کە شایانی مێژووی دێرینی قوربانیدان و ماندووبوونی گەلە ستەمدیدەکەمان بێت لە قۆناغە جیاکانی خەبات و تێکۆشانی ئاشتیخوازانەیدا. خواستە ڕەوا و دەستوورییەکانی ھەرێمی کوردستان لە عێراقی فیدراڵدا مافی سروشتی و دادپەروەرانەی خۆیەتی. عێراقێکی سەقامگیر و گەلێکی خۆشگوزەران زادەی سیستمێکی تەندروستی دیموکراسی و فیدراڵییە کە تیایدا دەستوور ڕێزلێگیراو بێت و ھاوبەشیی ڕاستەقینە و مافی ڕەوای ھەموو پێکھاتەکانی تێدا فەراھەم بێت.

کوردستانیانی خۆشەویست،
حکوومەتی ھەرێمی کوردستان زادەی ئیرادەی نیشتیمانیی گەلی کوردستانە بە ھەموو پێکھاتە نەتەوەیی و ئایینییەکانییەوە و یەکێکە لە دەسکەوتە بەھادارەکانی ڕاپەڕین، پاراستن و پتەوکردنیشی ئەرک و بەرپرسیارییەتیی سەرجەم لایەن و چین و توێژەکانی گەلەکەمانە. ئەم ئەرکە ئەمڕۆ لە ھەر کاتێک زیاتر لێکگەیشتن و تەبایی و یەکڕیزیی زیاتر لە ھەموو لایەنە کوردستانییەکان دەخوازێت.

دڵنیاین ھیممەتی دڵسۆزانە و ھەستی بەرپرسیارییەتیی لایەنەکان لە ئاستی ئەم ئەرکە مێژووییەدا دەبن بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانی ڕاپەڕین و پتەوترکردنی بنەما و پایەکانی کوردستانێکی بەھێز، وەک وەفایەک بۆ خوێنی شەھیدە قارەمانەکان و مێژووی پڕ لە قوربانی و سەروەریی گەلەکەمان و لەپێناو سەقامگیری، گەشەپێدانی ھەرێمی کوردستان، ژیانێکی سەربەرزانە، خۆشگوزەرانی، بەدەستھێنان و پاراستنی مافەکان بۆ کوردستانیان و ئایندەیەکی گەش بۆ ھەموو پێکھاتەکانی کوردستان و نەوەکانی داھاتوومان.


بەرز و شکۆدار بێت ساڵیادی ڕاپەڕینی مەزنی ئازاری ١٩٩١.

دروود بۆ گیانی پاکی شەھیدانی ڕاپەڕین و سەرجەم شەھیدانی کوردستان.

ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان

٥/٣/٢٠١٩


AM:10:26:05/03/2019