کۆسرەت ڕەسوڵ وادەی دیاریکردنی کاندیدەکانی یەکێتی ئاشکرادەکات

جێگری سکرتێری یەکێتی نیشتیمانی کوردستان رایگەیاند، لەم ھەفتەیەدا ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی  کۆدەبێتەوە و کاندیدانی پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان یەکلایی دەکرێنەوە.

کۆسرەت رەسوڵ، جێگری سکرتێری یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ئەمڕۆ چوارشەممە لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەنوسان لەمیانی بەشداریکردنی شەشەمین دیداری سلێمانی رایگەیاند، خەڵکی هەرێمی کوردستان پشتیوانیان لە رێککەوتنەکەی پارتی و یەکێتی کردوە و رێککەوتنەکە لە بەرژەوەندی خەڵکدایە.
یەکێتی پابەندی خاڵ بەخاڵی رێککەوتنەکەیەتی لەگەڵ پارتی
 
جێگری سکرتێری گشتی یەکێتی ئاماژەی بەوەشکرد، یەکێتی پابەندی خاڵ بەخاڵی رێککەوتنەکەیەتی لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان، بەڵام تا ئێستا هیچ یەکێک لە خاڵەکانی رێککەوتنەکەی ئاشکرا نەکرد.

چواری ئەم مانگە، پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان رێککەوتنی سیاسی نێوانیان لەبارەی پێکهێنانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان و دیاریکردنی کاندیدی پۆستی پارێزگاری کەرکوک و وەزارەتی دادی حکومەتی عێراق واژۆکرد.

کۆسرەت رەسوڵ لەوبارەیەوە وتی، "لەکۆبونەوەی ئەنجومەنی سەرکردایەتیدا کە لەم هەفتەیەدا بەڕێوەدەچێت کاندیدی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و جێگری سەرۆکی حکومەت و پارێزگاری کەرکوک یەکلادەکەینەوە".


PM:01:38:06/03/2019