بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی دەستگیركردنی سێ تۆمەتباری ڕاگەیاند كە لەچەند مانگێكدا بەبڕی چوار بۆ پێنج دەفتەر دۆلار كەلوپەلیان لەهەردوو مۆڵی (ماجدی مۆڵ و فاملی مۆڵ)ی شاری سلێمانی دزیوە.
بەگوێرەی ڕاگەیەنراوێكی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی "هێزەكانی بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی سلێمانی سێ تۆمەتباریان دەستگیركردوە كە دوكچ و كوڕێكن و لەماوەی چەند مانگێكدا لەهەردوو مۆڵی ماجدی مۆڵ و فاملی مۆڵ بەبڕی نزیكەی چوار دەفتەر دۆلار كەلوپەلیان دزیوە".
لەڕاگەیەنراوەكەدا ئاماژە بەوەشكراوە، دوان لەتۆمەتبارەكان كچن و یەكێكیان تەمەنی 18 ساڵەو ئەوی دیكەشیان 19 ساڵە، كەسی سێیەمیش كوڕەو تەمەنی 26 ساڵەو خەڵكی ڕۆژئاوای كوردستانەو هەرسێكیان كارمەندی دوو مۆڵەكەن.
پۆلیس ئاشكرایكردوە، دوای وەرگرتنی فەرمانی دادوەر پشكنین بۆ شوێنی نیشتەجێبونی تۆمەتباران كراوەو چەندین كەلوپەلیش دەستیان بەسەرداگیراوە كە بڕەكەی بە 40 بۆ 50 هەزار دۆلار دەخەمڵێنرێت.
لەزانیاریەكانی پۆلیسدا باس لەوەشكراوە، "ئەو تۆمەتبارانە لەئێستادا بەگوێرەی مادەی 443 لەیاسای سزادانی عیراقی ڕاگیراون و لێكۆڵینەوەكان بەردەوامن".