قوباد تاڵەبانی: کاندیدی پۆستی پارێزگاری کەرکوک لەكاتی خۆی رادەگەیەنرێت

جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم رایگەیاند کە پۆستی پارێزگاری كەركوك لەنێوان یەكێتی و پارتی یەكلابوەتەوە و کاندیدی پارێزگاری کەرکوک لەكاتی خۆی رادەگەیەنرێت.

جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان لەپارێزگای هەڵەبجە لەلێدوانێكیدا بۆ رۆژنامەنوسان رایگەیاند، گفتوگۆی نێوان یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان قۆناغێكی تێپەڕاندوە و ئەنجامەكەشی رێككەوتنەكە بوو لەنێوان هەردوو حزب.

وتیشی "بەداخەوە پرۆسەكە زۆری خایاند، بەڵام ئێستا كە رێككەوتوین و ئەو قۆناغەمان تێپەڕاندوە، پرۆسەی گفتوگۆی دیكەش لەسەر پێكهێنانی حكومەت دەستپێدەكات، ئەوەش لەڕێی كەناڵی هەردوو حزبەوە دەبێت كە پێكیدێنن،  لەماوەیەكی نزیكیشدا گفتوگۆكان جددی دەبن تا حكومەتێك پێكبێت كە لەئاست چاوەڕوانی خەڵكی كوردستاندا بێت".

لەبارەی پۆستی پارێزگاری كەركوكیشەوە، قوباد تاڵەبانی رایگەیاند "پرسی پۆستی پارێزگاری كەركوك لەنێوان یەكێتی و پارتی یەكلابوەتەوە و ئەنجامێكی باشی دەبێت و كاندیدی پارێزگاریش لەكاتی خۆی رادەگەیەنرێت".


PM:05:59:07/03/2019