ئەردۆغان: لە مانگی حوزەیران دەستدەکرێت بە گلدانەوەی ئاو لە بەنداوی ئەلیسۆ

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆمارى تورکیا ڕایگەیاند، لە مانگی حوزەیرانی داهاتووەوە دەستدەکرێت بە گلدانەوەی ئاو لە بەنداوی ئەلیسۆ.

ئەردۆغان ڕایگەیاند، پڕۆژەی بەنداوی ئەلیسۆ کە تێچووەکەی ملیارێک و ٦٠٠ ملیۆن دۆلار بووە، سوودی ئابووری بۆ وڵاتەکە دەبێت و بڕی هەزار و ٢٠٠ مێگاوات کارەبا دابیندەکات.

بەنداوی ئەلیسۆ لەسەر ڕوباری دیجلە دروستکراوە و بە گلدانەوەی ئاو لەو بەنداوەش مەترسی دروستبوونی قەیرانى ئاو لە عێراق دروستدەکات.

بڕیابوو ساڵى رابردوو تورکیا دەستبکات بە پڕکردنی بەنداوی ئەلیسۆ کە دەکەوێتە سەر ڕوباری دیجلە لە باکوری کوردستان و  لە ساڵی ٢٠٠٦ ەوە دەست بە جێبەجێکردنی کراوە بەڵام حکومەتی عێراق توانی تورکیا ڕازیبکات بۆ دواخستنی پڕکردنی بەنداوەکە بۆ ئەمساڵ.

دەسەڵاتدارانى عێراق پێشتر چەندین جار جەختیان کردووەتەوە کە پڕکردنى بەنداوى ئەلیسۆ سەرهەڵدانى قەیرانى ئاوى لە عێراق لێدەکەوێتەوە و زیانى گەورە بە کەرتى کشتوکاڵ دەگەیەنێت.



PM:03:51:08/03/2019