ئێران...گەنجێک لە ناوەڕاستی بازاڕدا داوای هاوسەرگیری لەخۆشەویستەكەی دەكات

لە ئێران كوڕێک لە ناوەڕاستی بازاڕدا و بەبەرچاوی هاوڵاتیانەوە داوای هاوسەرگیری لەخۆشەویستەكەی دەكات و هەردووکیان لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیرکران

ئەو كچ و كوڕە گەنجە خەڵكی شاری ئەرەكن و كوڕەكە بەبەرچاوی هاوڵاتیانەوە دڵێكی بە گوڵی سور لەسەر زەویەكە دروست كردووە هەر لەو شوێنەدا ئەڵقەیەك دەردێنێت و پێشكەش بەخۆشەویستەكەی دەكات.

دەستبەجێ خۆشەویستەکەی داواكەی پەسەند دەكات و باوەش بەكتردا دەكەن، هاوڵاتیانی ئامادەبووش بە چەپڵە پێشوازییان لەم كارەكرد.

بەڵام، دوای چەند كاتژمێرێك لە بڵاوبونەوەی ڤیدیۆی دیمەنەكە لە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان پۆلیسی ئەرەك دوو گەنجەكەیان دەستگیركرد.

مەحمود خەلاجی، جێگری بەڕێوەبەری پۆلیسی ئەرەك ڕایگەیاندوە ئەو شێوازەی ئەو دوگەنجە پێی هەستاون پێچەوانەی ئاداب و رێوڕەسمەكانی شەریعەتی ئیسلامەو ئەوەش دەرئەنجامی كەلتوری بێ بنەمای رۆژئاواییەكانە.

ئه‌م بابه‌ته ‌1590 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:05:25:10/03/2019