وەزیری تەندروستی: بڕیارماندا دەوام بگەڕێتەوە دۆخی ئاسایی خۆی و ئۆف نەمێنێت

وەزیری تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان چەند بڕیارێك سەبارەت نەشتەرگەری ئێواران و هەنگاوەكانی بەئەلیكترۆنی كردنی میلاكاتی وەزارەتی تەندروستی دەردەكات ڕاشیگەیاند "بڕیارماندا دەوام بگەڕێتەوە دۆخی ئاسایی خۆی و ئۆف نەمێنێت".

د.رێكەوت حەمە رەشید وەزیری تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند: ئەمڕۆ لە كۆبوونەوەیەكدا لەگەڵ ئەنجومەنی وەزارەت، بڕیارماندا بە ئامادەبوونی نوێنەری داواكاری گشتی لیژنەیەكی كارگێڕی دروستبكەین بەمەبەستی ئەوەی زانیاری وەربگرین لەسەر ئەو رووداوەی لە نەخۆشخانەی شار روویدا، تا لەكاتی وەرگرتنی مووچەدا رێوشوێنی توندتر بگرینە بەر.

وتیشی: پرۆژەیەكمان هەیە بەناوی پرۆژەی بە ئەلیكترۆنی كردنی وەزارەت كە قۆناغ بەقۆناغە و لە ئێستادا قۆناغی میلاكات لە تەواوبووندایە، پێویستە تا 15-4-2019 سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەكان قۆناغی میلاكات و دۆسیەی كەسی و بە ئەلیكترۆنی كردنی داتای ئامێرە پزیشكییەكان تەواو بكەن.

سەبارەت بە دەوامكردن لە ناوەندە تەندروستییەكانیشدا، د.رێكەوت حەمە رەشید ئاماژەی بەوەكرد، بڕیارماندا دەوام بگەڕێتەوە دۆخی ئاسایی خۆی و ئۆف نەمێنێت، هەروەها دەسەڵاتمان داوەتە سەرجەم بەڕێوەبەرە گشتییەكان كە بۆ لەمەودوا هەر بەڕێوەبەرایەتییەكی گشتی بەپێی تایبەتمەندی خۆی نرخی نەشتەرگەری ئێواران داببەزێنێت.

وتیشی: رێنماییمان دەركردووە كە بەهیچ شێوەیەك ناكرێت نەشتەرگەری ئێواران بە پارە لەبەیانیاندا بكرێت و سەرجەم نەشتەرگەیەك لە بەیانیان و ئێواراندا بكرێت و جیانەكرێتەوە.

د.رێكەوت هیواشی خواست لابردنی پاشەكەوتی مووچە و باشبوونەوەی دۆخی دارایی حكومەتی هەرێم خزمەتە تەندروستییەكان زیاتر بكات.





PM:05:57:13/03/2019