"سپی" زانیاری وورد لەسەر ئەو باندە بڵاودەکاتەوە کە پارەکەی نەخۆشخانەی شاریان ڕفاند

ئەو باندەی پارەی مووچەی کارمەندانی نەخۆشخانەی شاریان ڕفاند لەلایەن کارمەندێکی نەخۆشخانەکەوە هاوکاری کراون، "سپی" زانیاری وورد لەسەر باندەکە بڵاودەکاتەوە.

بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی لە سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە دەست "سپی" کەوتووە سەرۆکی باندەکە کە ناوی (س،ڕ) لە ڕابردوودا کارمەندی ئاسایش بووە لە سلێمانی.

هەر بەگوێرەی زانیاریەکان دوو ساڵ لەمەوبەر ناوبراو لە پشت بەنزینخانەی بینایی لە پێکدادانێکدا پۆلیسێک و ئاسایشێکی بریندار کردووە و جارێکیش لەدەست هێزە ئەمنیەکان ڕایکردووە و لە زاخۆ دەستگیرکراوە.

سەرچاوەکە ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد ئەو تۆمەتبارە چەند جارێکیتر دەستگیرکراوە دواجاریش لە ساڵی 2017 بە بڕیاری لێبوردنی گشتی کە لەلایەن مەسعود بارزانی سەرۆکی ئەوکاتەی هەرێمەوە دەرکرا ئازادکراوە.

هەر بەگوێرەی زانیاریەکان ناوبراو بۆ ئەوەی گومانی لێنەکرێت دوای ڕفاندنی پارەکە پەیوەندی بە هێزە ئەمنیەکانی سلێمانیەوە کردووە و پێیڕاگەیاندوون بە هەموو شێوەیەک هاوکاریان دەکات لە دۆزینەوەی تاوانبارەکە، بەڵام دەزگا ئەمنیەکان گومانیان لێکردووە و دواجار لە ڕێگەی دوکان دەستگیریان کردووە.

لە زانیاریەکاندا ئاماژە بۆ ئەوەش کراوە ئەو پارەی ڕفێنرابوو بڕەکەی ملیارێک و دووسەد و نەوەد ملیۆن دینار بووە.

سەبارەت بە ژمارەی تەواوی باندەکە سەرچاوەکە وتی "تێکڕای باندەکە حەوت کەس بوون و کچێکیش کە کارمەندی نەخۆشخانەکەیە هاوکاری کردوون".


PM:07:11:14/03/2019