نێچیرڤان بارزانی: لە تونێلێکی درێژ و تاریکدا گیرمان خواردبوو ئێستا رووناکی دەبینین


نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، پەیوەندییەکانی ئێستای هەولێر لەگەڵ بەغدا بە باشتر لەوەی جاران ناودەبات و لەبارەی دۆخی هەرێمیشەوە دەڵێت "لە تونێلێکی درێژ و تاریکدا گیرمان خواردبوو ئێستا رووناکی دەبینین".

نێچیرڤان بارزانی، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رۆژنامەی ئەلیکترۆنی ئەلمۆنیتەر لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا رایگەیاند "ئێمە ناخۆشیمان بینی و ساڵانێکی سەختمان بڕی، لە تونێلێکی قووڵ و درێژ و تاریکدا گیرمان خواردبوو، ئێستا لە کۆتایی تونێلەکەدا رووناکی دەبینین، بەڵام دەتوانم بە جیدی ئەوە بڵێم کە پەیوەندییەکانی ئێستامان لەگەڵ بەغدا زۆر باشترە لەوەی جاران هەمانبوو".

دەشڵێت لە پاش ڕیفراندۆم ماوەیەکی سەخت تێپەڕێندراوە و بە سەختترین ماوە لە ساڵی 1991ەوە تاوەکو ئێستا ناوی دەهێنێت.

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان هەروەها دەڵێت، رێکخستنی دابەشکردنی داهات لە نێوان بەغدا و حکومەتی هەرێمی کوردستان و ناوچە جێناکۆکەکان و هەروەها ئیدارەدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لە سەرووی ئەولەوییەتەکانییەوە دەبێت کاتێک پۆستی سەرۆکی هەرێمی کوردستان وەردەگرێت.

نێچیرڤان بارزانی لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا باس لە هەڵوێستەکانی تورکیا دەکات و دەڵێت، تورکیا کۆمەڵێک شتی لەبەردەستبوو کە دەیتوانی لە دژێ ئێمەی بەکاریبێنێت، بەڵام ئێمە زۆر سوپاسگوزارین کە ئەوان بەکاریان نەهێنا. ئەوان نە سنوورەکانیان بەسەردا داخستین، نە ئەو بۆرییەشیان داخست کە نەوتی ئێمەی بۆ تێرمیناڵەکانی تورکیا هەناردە دەکرد، ئێستا پەیوەندییەکانمان باشن و بەرەوپێشچوونیان بەخۆوە بینیوە.

هەروەها باس لە داوایەکی ئەمریکییەکان دەکات بۆ نزیککردنەوەی یەپەگە و پەیەدە لە تورکیا و لەهەمانکاتیشدا دەڵێت، باوەڕم بەوەیە کە پێویستە کوردانی سووریا هەوڵی دۆزینەوەی چارەسەرێک بدەن لە چوارچێوەی سووریایەکی یەکگرتوودا. پێویستە ئەوان بەشداربن لە گفتوگۆ و دانوستاندنەکان لەگەڵ رژێم.   



PM:04:37:15/03/2019