مەسعود بارزانی و کۆسرەت رەسوڵ دوور لەچاوی کامێرا کۆدەبنەوە


مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی و کۆسرەت رەسوڵ جێگری سکرتێری یەکێتی لەسەر پێکهێنانی کابینەی نوێ و جێبەجێکردنی رێککەوتنی نێوان پارتی و یەکێتی بە دوور لە چاوی کامێرا کۆبوونەوە.

پێش کۆبوونەوەی ١٢ی ئازاری نێوان مەکتەبی سیاسی یەکێتی و پارتی لە هەولێر، کۆسرەت رەسوڵ جێگری سکرتێری گشتی یەکێتی سەردانی مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی لە پیرمام دەکات.

لەو کۆبوونەوەیەدا کۆسرەت رەسوڵ  داوای کردووە پارتی لەگەڵ دروستبوونی کابینەی نوێ، یەکێک لە داواکاریەکانی یەکێتی لەوانە: هەڵبژاردنی پارێزگاری کەرکوک، دانانی وەزیری داد لە پشکی یەکێتی بۆ وەزارەتی دادی عێراق، یان پێدانی وەزارەتی ناوخٶی حکومەتی هەرێم بە یەکێتی، بخەنە بواری جێبەجێکردنەوە.

بەپێی زانیاریەکانی سپی، ئەو داوایەی کۆسرەت رەسوڵ لە مەسعود بارزانی، وەڵامدانەوەیەکی دەستبەجێی نەبووە، هەر هێندە نەبێت بارزانی گەڕاندوویەتەوە بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنی نێوان هەردوو حیزب کە ٤ی ئازار لە نێوان نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆکی پارتی و کۆسرەت رەسوڵ جێگری سکرتێری گشتی واژوو کرا.

بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست سپی کەوتووە، ئەو سەردانەی کۆسرەت رەسوڵ بۆ لای بارزانی لەلایەن زۆرێک لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و وەفدی دانوستانکاری یەکێتی یەوە  نەزانراوەو زانییاریان لەسەری نەبووە، سەرەتای دەستپێکردنی کۆبوونەوەکەی مەکتەبی سیاسی ١٢ی ئازاری هەردوولا کۆسرەت رەسوڵ نەیتوانیووە بەشداری بکات لەبەرئەوەی لەلای بارزانی  لە کۆبوونەوەدابووە.

کۆبوونەوەی ١٢ ی ئازار لەنێوان مەکتەبی سیاسی پارتی و یەکێتی لەسەر دابەشکردنی پۆستەکان لەبەر پێداگیری یەکێتی لەسەر ژمارەیەک پۆست و رەقی پارتی نەگەیشتنە ئەنجام و کۆبوونەوەکە شکستی هێنا.   



PM:08:22:15/03/2019