لە مەراسیمەی ساڵیادی کیمیابارانی هەڵەبجە مشتومڕ لە نێوان هونەرمەندێک و دوو بەرپرسی باڵا دروستبوو

ئەمڕۆ شەممە ١٦ی ئازاری ٢٠١٩ لە ساڵیادی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە، دوای وتاری وەزیری شەهیدان کە تیایدا سوپاسی وڵاتی ئێرانی بۆ یارمەتیدانی گەلی کورد هونەرمەندی کورد نەجمەدینی غوڵامی لە وتارێکدا لە هۆڵی مەراسیمەکە رەخنەی توندی لە وتەکانی ناوبراو گرت.

له‌ڕێوڕه‌سمی یادی 31 ساڵه‌ی كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه‌، مه‌حمود حاجی ساڵح وه‌زیری كاروباری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوانی هه‌رێمی كوردستان وتارێکی پێشکەش کرد، کە لەبەشێکی وتەکانیدا ستایشی هەوڵەکانی حکومەتی ئێرانی کرد بۆ هاوکاری ماددی و مرۆیی هاوڵاتیانی هەڵەبجە لە کاتی کارەساتی کیمیابارانەکەدا.

دواتر نەجمەدین غوڵامی هونەرمەندی کوردی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان، کە بانگهێشتی مەراسیمەکە کرابوو بۆ پێشکەشکردنی بەرهەمە تازەکەی، کە بەبۆنەی یادی کیمیابارانی هەڵەبجە بە ناوی "هەڵەبجەی جاران" لەگەڵ هونەرمەندی کورد تارا راسوڵ ئامادەیان کردبوو. وتارێکی پشێشکەشکرد.

لە وتارەکەیدام کە له‌ هۆڵی داخراوی یاریگای گشتی هه‌ڵه‌بجه‌ پێشکەشیکرد نەجمەدین غوڵامی  بە توندی وەڵامی  وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی حکومەتی هەرێمی دایەوە، کە ستایشی ئێرانی کردبوو رایگەیاند" 
ئەو بەڕێزەمان وەزیری شەهیدان كە باسی لەبرینێكی هەڵەبجە كرد، بەڵام برینێكی تری كولاندەوە و سوپاسی داگیركەرێكی كوردستانی كرد كە بەملیۆنەها كورد بەدەست ئەوان ئاوارە و شەهید بوون، پێویست بەوە ناكات لەمینبەری هەڵەبجەوە سوپاسی داگیركەری كوردستان بكرێت".

دوا بەدوای وتەکانی غوڵامی ئازاد تۆفیق، پارێزگاری هەڵەبجە وەک وەڵامێک بۆ قسەکانی ئەو هونەرمەندە لە میانی پێشکەشکردنی وتارێکیدا بەبۆنەی مەراسیمی ساڵیادی کارەساتی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە  رایگەیاند، کە پشتگیری لە تەواوی قسەکانی مه‌حمود حاجی ساڵح وه‌زیری كاروباری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوانی هه‌رێمی كوردستان و سوپاسی ئێرانی کرد بۆ هاوکاریکردنی خەڵکی هەڵەبجە و وتی" 
 ئەگەر لەساتی رووداوەكەدا كۆماری ئیسلامی ئێران نەبوایە ئەوا ئێستا شەهید و بریندارەكان دوو هێندە دەبوون".

ئازاد تۆفیق، ئەوەشی وت "بۆ راكێشانی چاوی كامێرای بیانی و ناوچەكە بۆ كارەساتەكە كۆماری ئیسلامی ئێران رۆڵێكی مێژوویی و نیشتیمانی بۆ ئێمە هەبووە و هەتا مردن خۆمان بەسوپاسگوزاریی دەزانین".
 
ئەم وتانەی نێوان هونەرمەند نەجمەدین غوڵامی و ئەو دوو بەرپرسە باڵایە بووە جێی قسەو باسی هۆڵی مەراسیمەکە.


PM:02:09:16/03/2019