شاسوار عەبدولواحید: ئەگەر ڕێگریم لێنەکرێت بە ۱۲ کاتژمێر ڕێگەی سماقوڵی چاکدەکەمەوە

شاسوار عەبدولواحید سەرۆکى جوڵانەوەى نەوەى نوێ ڕایگەیاند، "ئەگەر ڕێگریمان لێ ناکەن لەماوەی ١٢ کاتژمێردا رێگای سماقوڵی چاک دەکەین".

شاسوار عەبدولواحید لە پەیجى خۆى لە تۆڕى کۆمەڵایەتى فەیسبووک نووسیویەتى، "دوو سبەی سێشەممە خۆم (وەک ئەندازیارێک) لەگەڵ تیمێکی خۆماندا دەچینە ئەوێ و لە ٧ ی بەیانی تا ٧ ی ئێوارە رێگاکە چارەسەر دەکەین".

سەرۆکى جوڵانەوەى نەوەى نوێ دەڵێت "لە بری ئەوی بڵێن دوو ملیۆن دۆلاری تێ دەچێت، ئێمە بە دوو دەفتەر(٢٠ هەزار دۆلار) چاکی دەکەین و خۆشمان پارەکەی دەدەین".

ئاماژەى بەوەشکردووە، بیرۆکەکە هی خۆیەتى وەک ئەندازیارێک و بەرپرسیشە بەرامبەری، داواشیکردووە، ڕێگرى لێ نەکرێت و دەڵێت "عەیبە سێ ساڵە ئەو رێگایە ئاوهایە و حکومەتێک نەتوانێت چارەسەری بکات، لە کاتێکدا ڕۆژانە هەزاران هاوڵاتی لە نێوان سلێمانی و هەولێر و هەروەها بۆ پشدەر و بتوێن بەکاری دەهێنن".

بەهۆی تەواونەکردنی پرۆژەی دروستکردنی پردێکی هاتوچۆ لە نزیک بەنداوی سماقوڵی قەزای کۆیە، چەندین جارە لەگەڵ بارینی باراندا ئاستەنگی هاتوچۆ لە نێوان هەردوو پارێزگای هەولێر و سلێمانی دروست دەبێت.


PM:06:58:17/03/2019