تورکیا و ئێران ئۆپەراسیۆنیان لەدژی پەکەکە ڕاگەیاند

وەزیری ناوخۆی تورکیا ڕایگەیاند، لەگەڵ ئێراندا ئۆپەراسیۆنی ھاوبەشیان دژی پەکەکە لە سنوری خۆرھەڵاتی وڵاتەکەیدا دەستپێکردووە.

سولەیمان سۆیلۆ، وەزیری ناوخۆی تورکیا لە وتارێکدا لەبەردەم لایەنگرانی پارتی داد و گەشەپێداندا لە شارۆچکەی سەریکی سەربە شاری ئەنتالیا ئاشکرایکرد، ئەمڕۆ دووشەممە ١٨ی ئازاری ٢٠١٩ کاتژمێر ھەشتی بەیانی لە سنوری خۆرھەڵاتی تورکیا ئۆپەراسیۆنی ھاوبەشیان دژی پەکەکە دەستپێکردووە، وتیشی، دواتر ئەنجامەکانی ئۆپراسیۆنەکە ڕادەگەیەنن.

جەختیشیکردەوە، وەک چۆن ١٥ ڕۆژ پێش ئێستا وتیان لەگەڵ ئێراندا ئۆپراسیۆنی ھاوبەش دەکەن دژبە پەکەکە، وا ئێستا جێبەجێیانکرد.

سه‌رله‌به‌یانی ئه‌مڕۆش ئاژانسی ئەنادۆڵ بڵاویکردەوە، حسێن زولفیقاری جێگری وه‌زیری ناوخۆی ئێران لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ھەڵسەنگاندنی بۆ پرسی ئەمنی سنوورەکانی ئێران کردووە و ڕایگەیاندووە، بۆ پاراستنی سنوورەکان بە شێوەیەکی ھاوبەش لەگەڵ تورکیا ھەنگاوی باشیان ھاویشتووە و  وتوویەتی، "لە سنووری تورکیا و ئێران ئۆپەراسیۆنی ھاوبەش ئەنجامدەدەین، بە شێوەوەکی گشتی لە سنوور کێشە نییە".


PM:05:05:18/03/2019