ئێران هاوبەش نییە لە ئۆپراسیۆنی تورکیا بۆ سەر پەکەکە

كۆماری ئیسلامی رەتیدەكاتەوە هاوبەشبووبێت لەو ئۆپراسیۆنە سەربازیەی توركیا دژ بە پارتی كرێكارانی كوردستان ئەنجامی داوە.

ئاژانسی هەواڵی فەرمی ئێران لە زاری دەستەی گشتی ئەركانی سوپای وڵاتەكەیەوە بڵاویكردەوە " هێزەكانیان هیچ جۆرە بەشدارییەكیان لە ئۆپراسیۆنە سەربازییەكانی توركیا دژ بە پەكەكە نەكردووە".

سەرچاوەكە ئەوەشی خستەڕوو كە سەرلەبەیانی ئەمڕۆ سوپای توركیا لەسەر سنوور ئۆپراسیۆنی دژی پەكەكە ئەنجامداوە، بەڵام ئێران بەشداری تێدا نەكردووە.

پێشتر سولەیمان سۆیلۆ وەزیری ناوخۆی توركیا کە بە بەرپرسێکی دژە کورد ناسراوە رایگەیاندبوو بە هاوبەشی لەگەڵ ئێراندا ئۆپراسیۆنیان لە دژی پەكەكە ئەنجام داوە.



PM:11:50:18/03/2019