فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا لەنزیک شوێنی ئاهەنگی نەورۆز بۆردومانی ناوچەیەکی هەرێم دەکات

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٠ی ئازار کە هاوکاتە لەگەڵ جەژنی نەورۆز، فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا دەستان کردوەتەوە بە بۆردومانکردنی سنورەکانی بناری قەندیل.

محەمەد حەسەن هاوسەرۆکی شارەوانی قەندیل بە سپی راگەیاند،" لە ئێستادا فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا بە ئاسمانی بناری قەندیل دا دەسوڕێنەوەو بۆردومانی گوندەکانی ئیوەیس و شێخانو ئیندزێ و بێپاڵان دەکەن".

راشیگەیاند، تا ئێستا  هیچ زانیارییەکیان نییە دیکەی سەبارەت بە زەرەرو زیانی بۆردومانەکە.

هاوسەرۆکی شارەوانی قەندیل ئاماژەی بەوەشکرد، کە هۆکاری بۆردومانەکە بۆ ترس خستنە نێو دڵی هاوڵاتیانی دەڤەرەکەیە، تاوەکو بەشداری لە ئاهەنگەکانی نەورۆز نەکەن، بەڵام هاوڵاتیان بە جۆشو خرۆشەوە بەرەو شوێنی ئاهەنگەکە بەڕێکەوتوون.

بەپێی زانیارییەکانی سپی ، بۆردومانەکە لە نزیک ئەوشوێنەیە، کە وابڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٠ی ئازاری ٢٠١٩ بەبۆنەی هاتنی نەورۆزەوە ئاهەنگێکی گەورەی تێدا سازبکرێت.

هەر بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست سپی کەوتوون، تا ئێستا بۆردومانەکە بەردەوامەو ناوچەکانی زارگەڵی و بۆکریسکان و لێوژەی گرتۆتەوە.


AM:10:24:20/03/2019