پارێزەران ناڕەزایی دەردەبڕن

لیستی پیشەیبوونی پارێزەرایەتی بەیاننامەی ناڕەزایەتیان بڵاوکردەوە و ڕایدەگەیەنن "سەندیکای پارێزەران بۆتە شوێنی پێشێلکردنی یاسا و دەستوەردانی حیزبی لە کاروباری سەندیکایی".

لە بەیاننامەکەدا هاتووە "ئەم دەستەیەی کە ئێستا ئەنجومەنی سەندیکا بەڕێوە دەبەن ، چۆن لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا لەبەر بەرژەوەندی دوو حیزبەکەیان ھەڵبژاردنی دەستەی لقی سەندیکاکەیان ئەنجام نەداوە و ماوەی سێ ساڵە لقی سەندیکای پارێزگاکان بە نایاسایی بەڕێوە دەبرێن ، بە ھەمان شێوەش ئامادە نین بۆ ئەنجام دانی ھەڵبژاردن و بەستنی کۆنگرە و ھەڵبژاردنی سەرۆک و ئەندامانی ئەنجومەن". 

دەقی بەیاننامەکە:

(بەیاننامەی ناڕەزایی لیستی پیشەیبوونی پارێزەرایەتی سەبارەت بە دواخستنی کۆنگرەی سەندیکای پارێزەران)
بۆ ڕای گشتی
سەندیکای پارێزەران و توێژی پارێزەران ، ئەو لایەنەن کە لە سەرجەم وڵاتانی دونیادا شان بە شانی دادگا و داواکاری گشتی ڕۆڵی بەرچاوی خۆیان دەگێڕن لە سەروەربوونی یاسا و بەگژاچوونەوەی سەرپێچی و کارە نایاساییەکان و بگرە لە ھەندێ وڵاتدا پارێزەران ڕۆڵیان ھەیە لە ئاراستە کردنی سیاسەتی حوکمڕانیی دەوڵەتدا . 

بەڵام جێی داخە وەک ھەموو کایەکانی تر لە کوردستان سەندیکای پارێزەرانیش بۆتە شوێنی پێشێلکردنی یاسا و دەستوەردانی حیزبی لە کاروباری سەندیکایی و پیشەیی ئەم توێژە کاریگەرەی کۆمەڵگە، دیارە سەندیکای پارێزەرانی کوردستان بەپێی یاسای سەندیکای پارێزەرانی کوردستان ( ژمارە ١٧ ی ساڵی ١٩٩٩ ھەموار کراو ) ڕیکخراوە و بەپێی مادەی ٤٨ لەو یاسایە ماوەی کارکردنی ئەنجومەنی سەندیکا سێ ساڵە و بەمەش لە مانگی   ٣ / ٢٠١٨ ماوەی کارکردنی ئەنجومەن کۆتایی ھاتووە و دەبوایە پێش بەرواری ١٩ / ٣ / ٢٠١٨ کۆنگرە و دواتریش ھەڵبژاردنی سەرۆک و ئەندامانی ئەنجومەنی سەندیکا ئەنجام بدرایە ، بەڵام بەبێ ھیچ پاساوێکی یاسایی و تەنھا بە ئاماژە و ڕێککەوتنی ھەردوو حیزبی دەسەڵاتدار لە کوردستان لەبەرژەوەندی ئەو دوو حیزبە کە سەرۆکی سەندیکا و جێگرەکەی و شەش ئەندامی ئەنجومەنەکە زۆرینەی کە سەر بەو دوو حیزبەن ماوەی کارکردنی خۆیان درێژ دەکەنەوە،دواجار بە بڕیاری ئەنجومەنی سەندیکا بڕیار درا لە بەرواری ٢٦ / ٣ / ٢٠١٩ ھەڵبژاردنی نوێنەرانی کۆنگرە ئەنجام بدرێت و لە ٢٠١٩/٣/٣١،٣٠کۆنگرە ببەسترێت ، کەچی دووبارە و بە ڕێککەوتنی ژێر بەژێری حیزبەکانیان،ئەم ئەندامانەی ئەنجومەن کەھیچ شەرعیەتێکی یاسایی وھەڵبژاردنیان نەماوە بۆ جاری سێھەم بڕیاریاندا بە دواخستنی ھەڵبژاردنی نوێنەرانی کۆنگرە و ئەنجام دانی ھەڵبژاردنی نوێنەرانی  کۆنگرە بۆ ٦/٢٠/ ٢٠١٩  بەبێ دیاری کردنی ھیچ بەروارێک بۆ بەستنی کۆنگرە و بە بێ گوێدانە یاسای سەندیکا و ویست و ئیرادە و بەرژەوەندی پارێزەران ، سەرەڕای ئەوەش بەبڕیارێکی نایاسایی و ناپیشەییانە بڕیاریان داوە ئەندامی نوێ وەربگرن  بەمەبەستی خزاندنە ناوی کەسانی حیزبی و ئەوانەی تەنھا بەناو ھەڵگری بڕوانامەی یاسان بۆ ناو سەندیکا کە ئەمەش پێچەوانەی یاسای سەندیکایە کە لەتازەترین ھەموارکردنیدا لەساڵی ٢٠١٨ دەسەڵاتی داوە بە ئەنجومەن کە مەرج و پێوەر دابنێن .

 ئەم دەستەیەی کە ئێستا ئەنجومەنی سەندیکا بەڕێوە دەبەن ، چۆن لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا لەبەر بەرژەوەندی دوو حیزبەکەیان ھەڵبژاردنی دەستەی لقی سەندیکاکەیان ئەنجام نەداوە و ماوەی سێ ساڵە لقی سەندیکای پارێزگاکان بە نایاسایی بەڕێوە دەبرێن ، بە ھەمان شێوەش ئامادە نین بۆ ئەنجام دانی ھەڵبژاردن و بەستنی کۆنگرە و ھەڵبژاردنی سەرۆک و ئەندامانی ئەنجومەن . 

ئێمە وەک لیستی پیشەیبوونی پاریزەرایەتی کە بڕیار بوو لەسەر ئاستی ھەرێم وەک لیستێکی سەربەخۆ و دوور لە ئەجندای حیزبی و بەشیوەیەکی پیشەیی بەشداریی ھەڵبژاردنەکان بکەین ،بە پاڵپشتی ھاوپیشەکانمان لە ھەرێمی کوردستان ، وێڕای ئیدانەکردنی ئەم بڕیارەی سەندیکا ، دەستوەردانی حیزبی لە سەندیکا و پیشەکەمان بە تەواوەتی ڕەتدەکەینەوە،داواکارین لەسەرجەم پارێزەران بە جیاوازیی بیروڕای سیاسیانەوە ھاوھەڵوێست بن بۆ ڕەتکردنەوەی دەستوەردانی حیزبیی لە کار و پیشەی پیرۆزی پارێزەرایەتی . لە کۆتاییشدا ڕایدەگەیەنین کە ڕێکاری یاسایی و فشاری مەدەنی دەگرینە بەر دژی ئەم بڕیارە نایاساییەی ئەنجومەنی ماوە بەسەرچوو.

لیستی پیشەیبوونی پارێزەرایەتی 
 ۲۰/۳/۲۰۱۹


AM:11:49:20/03/2019