ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٠ی ئازاری ٢٠١٩، بەبۆنەی هاتنی نەورۆزەوە ئامادەکاری کراوەو چەندین چالاکی جۆراوجۆر لەسەرجەم ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچێت و ئاگری نەورۆز دەکرێتەوە.
بڕیارە ئەمرۆ چەندین چالاکی جۆراوجۆر بەبۆنەی هاتنی نەورۆز بەمشێوەیە بەڕێوەبچێت:
لە شارى هەولێر ئاهەنگێکی گەورە نەورۆز لە پارکى شانەدەر سازبکرێت.
لە شاری سلێمانی لە گردى مامەیارە و چاڤی لاند ئاگری نەورۆز دەکرێتەوە و لە چاڤی لاندیش کۆنسێرتێک بەڕێوەدەچێت.
لە شاری دهۆک لە پارکى نەورۆز ئاهەنگی نەورۆز ڕێکدەخرێت و حەوت گروپى خۆبەخش لە قەزاى ئاکرێ بەمەبەستى کردنەوەى ئاکرێ نەورۆز زیاتر لە هەزار مەشخەڵیان دروستکردووەو بڕیارە هەزار گەنج بەرەو لوتکەی چیاى کەلێ بەو مەشخەڵانەوە بەڕێ بکەون کە بەرزترین شوێنى قەزاکەیە.
لە پارێزگاى هەڵەبجە، لە بەرزاییەکانى عەنەب ئاهەنگ ساز دەکرێت.
لەشاری کەرکوک لەسەر قەڵاى کەرکوک ئاگری نەورۆز دەکرێتەوە و بڕیارە پێنج هەزار ئاڵای کوردستان هەڵبکرێ.
لەدەڤەری راپەڕین لە شاری رانییە لە پارکی دەروازە ڤیستیڤالی نەورۆز ساز دەکرێت.
ساڵانە و لە ڕۆژى ٢٠ى سێدا کە هاوکاتە لەگەڵ سەری ساڵی نوێی کوردی و جەژنى نەتەوەیی نەورۆزدا، لە سەرجەم شار و شارۆچکەکانى هەرێمى کوردستان ئاگرى نەورۆز دەکرێتەوە و هاوڵاتیان ئاهەنگ دەگێڕن.