سەرەڕای بۆردومانی دوێنێ هاونیشتیمانیان بۆ ئاگری نەورۆز ڕوو لە قەندیل دەکەن

هەزاران کەس بۆ بەشداریکردنی ئاهەنگی نەورۆز ڕوویان لە قەندیل کردووە و پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ ئاهەنگەکە دەستپێدەکات.

سەرەڕای بۆردومانی دوێنێی فڕۆکە جەنگیەکانی تورکیا بۆ سەر گوندەکانی بناری قەندیل و برادۆست و شوێنی نزیک لە ئاهەنگەکە، لە بەرەبەیانی ئەمڕۆوە، لە هەموو ناوچە جیاوازەکانی باشوری کوردستانەوە، هاوڵاتیان بۆ بەشداریی لەو ئاهەنگە گەیشتوونەتە قەندیل.

میدیاکانی پەکەکە بڵاویانکردەوە بەشێک لە هاوڵاتیان لە دوێنێوە چوونەتە قەندیل و گوندنشینانی ناوچەکەش دەرگای ماڵەکانی خۆیان بۆ پێشوازییکردن لە میوانان واڵا کردبوو، زۆرینەی ماڵەکان خواردنیان بۆ میوانان ئامادەکردبوو، بەشێک لە هاوڵاتیانیش لە بەرەیانی ئەمڕۆوە لە شوێنەکانی خۆیانەوە بەڕێکەوتوون بەرەو قەندیل.

بڕیارە لەدوای کاتژمێر 11ی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، بەرنامەکانی ئاهەنگی نەورۆزی بناری قەندیل دەستپێبکات، کە تێیدا چەندین هونەرمەن لە هەرچوار پارچەی کوردستانەوە، بە گۆرانی و بەرهەمی هونەریی، بەشدارییان تێدا کردووە.

 


AM:11:13:21/03/2019