قوربانیانی ڕووداوەکەی موسڵ ژمارەیەکی زۆر کوردی تێدایە

ژمارەی قوربانیانی ڕووداوی ژێرئاوکەوتنی بەلەمەکەی موسڵ بەرزبووەوە بۆ ۷۱ کەس و سەرۆک وەزیرانى عێراق فەرمانیکرد، لە ماوەى ٢٤ کاتژمێردا لێکۆڵینەوەى بەپەلە بکرێت، بەگوێرەی سەرچاوەکانیش زۆرینەی قوربانیەکان کوردن.

وەزارەتى ناوخۆى عێراق لەبەیاننامەیەکدا ئاشکرایکردووە، ژمارەى ئەو کەسانەى بەهۆى ژێرئاوکەوتنى بەلەمەکەى موسڵەوە گیانیان لەدەستداوە بۆ ٧١ کەس بەرزبووەوە و ڕاشیگەیاندووە تاوەکو ئێستا ٥٥ کەسی دیکەش ڕزگارکراون.

هاوکات سەرچاوەیەکی ئاگادار بە "سپی" ڕاگەیاند "زۆرینەی قوربانیەکان کوردی دانیشتووی موسڵن و بۆ یادکردنەوەی نەورۆز ڕوویان لەو ناوچەیە کردووە.

لەلایەکی دیکەوە، حیسام خەلیل بەڕێوەبەرى بەرگری شارستانى موسڵ ئاشکرایکرد، زۆربەى ئەوانەى بەهۆى ڕووداوەکەوە گیانیان لەدەستداوە ژن و منداڵن.

لە ڕاگەیەنراوێکدا عادل عەبدولمەهدى سەرۆک وەزیرانى عێراق فەرمانیکرد، لە ماوەى ٢٤ کاتژمێردا لێکۆڵینەوەى بە پەلە بکرێت لە ڕووداوەکەى موسڵ.

داواشیکردووە، ڕاپۆرتێک لەسەر ڕووداوەکە بە مەبەستى دەرخستنى هۆکارى ڕووداوەکە تاوەکو ڕێکارى یاسایی بەرامبەر بەو کەسانە بکرێت کە کەمتەرخەم بوون.

ئێوارەى ئەمڕۆ پێنجشەممە بەلەمێکی گەشتیاری لەسەر ڕووباری دیجلە لەموسڵ ژێرئاوکەوت کە چەندین گەشتیارى لە خۆگرتبوو.



PM:07:11:21/03/2019