" پارێزگاری موسڵ‌و هەردوو جێگرەکەی لەسەر کار لابران "

پەرلەمانی عێراق بە زۆرینەی دەنگ پارێزگاری موسڵ و هەردوو جێگرەکەی کە یەکێکیشیان کوردەو سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستانە لەسەر کار لابران.
سەرکەوت شەمسەدین پەرلەمانتاری نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق بە سپی راگەیاند" ئەمڕۆ لە دانیشتینی پەرلەماندا نەوفەل حەمادی عاگوب پارێزگاری موسڵ و هەردوو جێگرەکەی لەسەر کارەکەیان لابران".

پەرلەمانتارەکەی نەوەی نوێ جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە لادانی پارێزگارو هەردوو جێگرەکەی بەدەنگی زۆرینەی پەرلەمان بووە.
سەرکەوت شەمس وتیشی" بازنەی یاسایی لەپەرلەمانی عێراق ئێستا سەرقاڵی لێکۆڵینەوە لە پرسی هەڵوەشانەدوەی ئەنجومەنی پارێزگای موسڵ کە ئایا لەرووی یاساییەوە گونجاوە کە ئەنجومەنی پارێزگای موسڵیش هەڵوەشێنرێتەوە؟".

بەپێی زانیاریەکانی سپی پێکهاتەی سونە و پەرلەمانتارانی کوردیش بەزۆرینە لەگەڵ لەسەر کار لادانی پارێزگارو هەردوو جێگرەکەیدا بوون.
رۆژی نەورۆز ٢١ی ئازار بەلەمێک لە " جەزیرەی گەشتیاری " کە لەسەر رووباری دیجلەیە نوقی ئاو بوو، تا ئێستا ١٢١ هاولآتی کە زۆرینەیان ژن و مناڵن گیانیان لەدەستداوەو ژمارەیەکیشیان نەدۆزراونەتەوە. 



PM:03:45:24/03/2019