ژمارەی قوربانیانی ژێرئاوكەوتنی كەڵەكەی شاری موسڵ بەرزبووەوە

ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا بڵاویكردەوە ژمارەی قوربانیانی ژێرئاوكەوتنی كەڵەكەی شاری موسڵ گەیشتۆتە نزیكەی 200 كەس و 60 ئاگاداركردنەوەی بێ سەرشوێنبوونی هاوڵاتی تۆماركراوە.

حوسام عەبار، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا ڕایگەیاند ژمارەی قوربانیانی ژێرئاوكەوتنی كەڵەكەی شاری موسڵ گەیشتۆتە نزیكەی 200 قوربانی و تائێستا زیاتر لە 120 تەرم لەناو رووباری دیجلە دەرهێنراونەتەوە و 60 ئاگاداركردنەوەی بێ سەروشوێن بوونیش تۆماركراوە.

وتیشی: ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا چاوەڕوانی بڕیارەكانی دادگایە لەبارەی وەبەرهێنەر و سەرجەم ئەو كەسانەی لەو كارەساتە تێوەگلاون بۆئەوەی لێپرسینەوەیان لەگەڵ بكرێت و ئاماژەی بەوەكرد تیمەكانی بەرگری شارستانی لەشوێنی رووداوەكە لەحاڵەتی ئامادەباشیدان بۆ گەڕان بەدوای تەرمەكاندا.


PM:07:09:24/03/2019