پۆلیسی سلێمانی دەستگیرکردنی ٢٧ تۆمەتباری راگەیاند

پۆلیسی سلێمانی رایگه‌یاند، له‌ماوه‌ی چه‌ند رۆژی رابردوودا ٢٧ تۆمه‌تباریان ده‌ستگیركردووه‌ و په‌ڕاوی لێكۆڵینه‌وه‌ش بۆ تۆمه‌تباره‌كان كراوه‌ته‌وه‌.

له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا کە ئەمڕۆ سێشەممە ٢٦ی ئازار بڵاوکراوەتەوە تیایدا پۆلیسی سلێمانی ئاماژەی بەوەکردووە لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا هێزەكانی بنكەی پۆلیسی راپەڕین ٢٧ تۆمەتبار دەستگیردەكەن.

دەشلیت، دوای ئەوەی هێزەكانی بنكەی پۆلیسی راپەڕین زانیارییان پێگەیشت كە كەسێك لەگەڕەكی تاسڵوجەو لەناو ئۆتۆمبێلەكەیەوە تەقەدەكات، هێزەكانی بنكەی پۆلیسی راپەڕین بازگەیەكیان لەشوێنی مەبەست داناو توانییان تۆمەتبارەكە دەستگیربكەن".

پۆلیسی سلێمانی لە راگەیەندراوەیەکدا ئاماژەی بەوەشکردووە، لەئێستادا تۆمەتبارەكە بەفەرمانی دادوەرو بەپێی ماددەی ٢١ی چەك راگیراوەو دەستیش گیراوە بەسەر چەكی بەكارهاتوودا؛

هەروەها دەشلێت، چوار تۆمەتباری دیکە دەستگیركراون بەپێی ماددەی 405-31 لە یاسای سزادانی عیراقی و شانزە تۆمەتباری تریشدەستگیركراون، كه‌ بەپێی ماددەی 548 لە یاسای زیادەڕەوی كە زیادەڕەوییان كردبووە سەر موڵك و ماڵی گشتی.

پۆلسیی سلێمانی راشیگەیاندووە، شەش تۆمەتباری تر دەستگیركراون بەپێی چەند ماددە یەك لەیاسای سزادانی عیراقی، له‌ لایه‌ن پۆلیسی راپەڕینەوە پەڕاوی لێكۆڵینەوە بۆ سەرجەم تۆمەتباران كراوەتەوە.


PM:01:19:26/03/2019