هەپەگە کوژرانی هەشت سەربازی سوپای تورکیای راگەیاند

هێزه‌كانی پاراستنی گه‌ل (هه‌په‌گه‌) رایگەیاند،  لەئەنجامی شەڕ روبەڕوبونەوەی گەریلاکانیان لەگەڵ سوپای تورکیا له‌ گابار هەشت سەربازی ئەو وڵاتە کوژراون. 

ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل رایگەیاند، "ڕۆژی ٢١ی ئازار کاتژمێر ٠٧:٠٠، سوپای تورکیا داگیرکەر لە مەیدانی سپڤیان لە گاباری سەربە شرناخ بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و هێلیکۆپتەری جەنگی دەستیان بە ئۆپەراسیۆن کرد، لە چوارچێوەی هەنگاوی شۆڕشگیری شەهید دەلال ئامەد و شەهید بەستا-دا، هێزەکانمان هەر ئەو ڕۆژە کاتژمێر ٠٥:٠٠ی ئێوارە یەکینەیەکی ئۆپەراسیۆنەکەیان لەسەر گردی سپڤیان-یان کردە ئامانج، لەو چالاکییەدا کە گورزی قورس لە دوژمن درا، دوو سەرباز کوژران".

دەشڵیت، "٢٢ی ئازار کاتژمێر ١٦:٤٥ خولەک، گەریلاکانی یەژاستار لەدژی ناوەندی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکە لەسەر گردی سپڤیان چالاکییان ئەنجامدا، چالاکییەکە لەدژی ٢ مۆڵگەی دوژمن ئەنجامدرا و لە ئەنجامی ئەو چالاکییە شەش سەرباز کوژران".

ناوەندی ڕاگەیاندنی هەپەگە راشیگەیاندووە "سوپای تورکیا دوای چالاکییەکە بە هێلیکۆپتەری سکۆرسکی کوژراو و بریندارەکانیان لە ناوچەکە گواستووەتەوە، سوپای داگیرکەری تورکیس کاتژمێر ٢٠:٠٠ ناچاربوو لە ناوچەکە بکشێتەوە، لەو ئۆپەراسیۆنە هیچ زیانێک بەر هێزەکانمان نەکەوتووە".


AM:09:19:27/03/2019