"هەدەپە سەرکەوتنێکی گەورە لە باکوری کوردستان بەدەست دەهێنێت"

رەمەزان کەریم شارەزای کاروباری سیاسی تورکیا پێی وایە، کە پارتی دیمموکراتی گەلان(هەدەپە) دەنگێکی زۆر لە ناوچەکانی باکوری کوردستان بەدەست دەهێنێت و دەبێتە یەکەم هێز لەو ناوچانە.

لە لێدوانێکیدا بۆ سپی میدیا، رەمەزان کەریم شارەزا لە کاروباری سیاسی تورکیا ئاماژەی بەوە کرد، کە سێ هۆکاری سەرەکی هەن دەبنەهۆی سەرکەوتنی هەدەپە لە باکوری کوردستان.

وتیشی،"بابەتی سەرکەوتنی هێزەکانی سوریای دیموکرات لە باغۆز و تێکشکاندنی تەواوی داعش یەکێکە لە هۆکارەکان، هەروەها هۆکاری دووەمیش دەگەرێتەوە بۆ ئەو مانگرتنە سەرتاسەرییەی، کە بۆ لابردنی پەناگیری لەسەر عەبدوڵلا ئۆجەلان ساز کراوەو، بەهۆیەوە تا ئێستا حەوت کەس لە زیندانەکانی تورکیا گیایان لەدەستداوە، کە پێنجیان ئافرەتن و دوانیان پیاون".

ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ هۆکاری سێیەمدا کە ئەو پێی وایە جەژنی نەورۆز و جۆشوخرۆشی خەڵکی وئەو قەرەباڵخی کۆبونەوەی خەڵک لەدەوری هەدەپە لە نەورۆزدا ئاماژەیە بۆ سەرکەوتنێکی کە لەم هەڵبژرادنەدا بەدەستی دەهێنێت.

ئەو شارەزایەی کاروباری سیاسی تورکیا پێشی وایە، کە هەروەک چۆن هەدەپە لە باکوری کوردستان یەکەم دەبێت لە هەڵبژاردنی ٣١ی مانگدا، هاوکات هێزەکانی ئپۆزسیۆن و هێزەکانی ئەکەپە دەنگەکانیان لە ناوچە تورکییەکان دابەشدەبێت، واتە لە هەندێک شوێن ئۆپۆزسیۆن کە جەهەپە سەرکردایەتی دەکات دەیباتەوەو لە هەندێک شوێنیش ئەکەپە و مەهەپە دەیباتتەوە.

جێی ئاماژەیە لە هەڵبژاردنی ٣١ی ئەم مانگەی تورکیا سێ هاوپەیمانێتی هەیە یەکەمیان لە نێوان ئەکەپەو مەهەپە، هاوپەیمانی دووەم جەهەپەو ئیلی پارتە، هاوپەیمانی سێهەمیش لە نێوان هەدەپە و هێزە کوردییەکان دایە.


AM:09:50:27/03/2019