دەرچووە یەکەمەکان خۆپیشاندانی فراوان ئەنجام دەدەن

لە سەرەتای مانگی داهاتوو دەرچووە یەکەمەکانی زانکۆ و پەیمانگاکانی هەرێم خۆپیشاندانێکی گەورە لەشاری هەولێر بۆ دامەزراندن دەکەن.

کاروان عەلی، نوێنەری دەرچووە یەکەمەکانی هەرێم ڕایگەیاند، حکومەتی هەرێم لە ماوەی ڕابردوودا چەندجارێک بەڵینی دامەزراندنی بە یەکەمە دەرچووەکان داوە بەڵام تاوەکو ئێستا بەڵێنەکانیان نەبوونەتە بڕیار و هەتاکو دەرچووەکان دابمەزرێن.

ئاماژەی بەوەشکرد، کە سێ ساڵی ڕابردوودا حکومەتی هەرێم بەبیانوی قەیرانی داراییەوە هیچ یەکێک لە دەرچووە یەکەمەکانی زانکۆ و پەیمانگاکانی دانەمەزراندووە کە خۆی دەبینێتەوە لە چوار هەزار دەرچوو.

وتیشی، لە سەرەتایی مانگی داهاتووەوە خۆپیشاندانی سەرتاسەری گەورە لە بەردەم ئەنجومەنی وەزیران دەکەن و خێمە هەڵدەکەن و دەمێننەوە تاوەکو داواکارییەکانیان جێبەجێ دەکرێت.

داواشی لە سەرجەم دەرچوان کرد بەشداری خۆپیشاندانەکانیان بکەن و ئەوان دروشمیان ئەوەیە  هەتا دانەمەزرێن دەست لە داواکارییەکانیان هەڵناگرن.



PM:05:53:27/03/2019