هۆشیار زێباری پیلانێک لە دژی عادل عەبدولمەهدی ئاشکرا دەکات

هۆشیار زێباری ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی بوونی پیلانگێڕییەك لەلایەن چەند سەركردە و لایەنێكی سیاسیی عێراقی كرد لەدژی عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق، ئاشکرا دەکات.

هۆشیار زێباری لە هەژماری خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی فەیسبوك، نووسیویەتی "بانگهێشتكردنی عەبدولمەهدی بۆ دانیشتنی پەرلەمانی عێراق، لەلایەن سەركردەكانی هاوپەیمانی سیاسی و حزبیی ئەلنەسر و ئەلئیعمارەوە، بۆ ئەوەیە نیشانەی پرسیار بخرێتە سەر سیاسەتەكانی عەبدولمەهدی".

هەروەها ئاماژەی بەوە داوە سەركردە سیاسییە ناحەزەكانی عەبدولمەهدی، لە دەرەوەی چوارچێوەی كاری پەرلەمانی و دەستووریەوە پرسیار لەسەر سەرۆك وەزیران دروست دەكەن، ئەمەش نیشانەیەكی مەترسیدارە و عەبدولمەهدی بێ بەش دەكرێ لە بڕیاری جێبەجێكردن، رەنگە هاوپەیمانی سیاسیی تریش هەمان ڕێگە بگرنە بەر، ئەمەش وا دەكات عەبدولمەهدی متمانە لە دەست بدات و شەرعیەتی ئیداری نەمێنێ، هەروەها نوێنەرایەتیكردنی دەوڵەتیشی لە چاو جیهاندا لاواز دەبێت.

چەند رۆژێکە پەیوەندی عەبادی وبارزانی لە دوای چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنی عەبادیەوە تكێچووەو، تا ئێستا وەڵام و وەڵامدانەوە لەنێوان هاوپەیمانی نەسرو پارتیدا درێژەی هەیە.



PM:10:38:27/03/2019