قایمقامیەتی سلێمانی دایكان و باوكان ئاگادار دەكاتەوە

قائیمقامیەتی‌ سلێمانی‌ ئاشكرایدەكات لیژنەكانیان دەستیان بەسەر بڕێك خواردەمەنیدا گرتوە كە لەسەر شێوەی جگەرە بەكاردەهێنرێت و لەپشكنین دەرنەچوە و لەو ڕووەوە پەیامێك ئاڕاستەی‌ دایكان و باوكان دەكات.

گۆران قادر، سەرۆكی لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی، ڕایگەیاندوە،"لەئەنجامی بەدواداچونە بۆ پشكنینی هەموو ئەو كاڵاو شمەكانەی ڕۆژانە لەبازاڕو شوێنە گشتیەكان بەهاوڵاتیان دەفرۆشرێت، دەست بەسەر بڕێك خواردەمەنیدا گیراوە كە لەسەر شێوەی جگەرەو دوكەڵ بەكاردەهێنرێت".

ئاماژە بۆ ئەوەشكراوە،"بڕێك خواردەمەنی بەناوی‌(Ghost Smoke -  تارمایی جگەرە) بەتامی میوەكان دەستی‌ بەسەردا گیراوە، ‌لەسەر شێوەی جگەرەو دوكەڵ دەكێشرێت و بەكاردەهێنرێت".

ئەوەشی‌ رونكردۆتەوە، نمونەكەی‌ ڕەوانەی پشكنین كراوە و دەركەوتوە لەڕووی پزیشكی و كۆمەڵایەتیەوە زیانی بۆ منداڵ هەیە، دەشڵێن: لەهەر شوێنێك بفرۆشرێت دەستی بەسەردادەگیرێت، شوێنەكە و خاوەنەكەشی روبەڕووی ڕێكاری یاسایی دەكرێتەوە.

لەپەیامێكیشدا بۆ دایكان و باوكان سەرۆكی لیژنەكان جەختدەكاتەوە،"ئاگاداری ئەوجۆرە خۆراكانەبن منداڵەكانیان دەیكڕن، لەكاتی هەبونی خۆراكی نەشیاوو ماوە ‌بەسەرچودا لەڕێگەی ژمارە(07708677777) یاخود لەڕێی لاپەڕەی فەرمی(قائیمقامیەتی سلێمانی) لەتۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك لیژنە هاوبەشەكان ئاگاداربكەنەوە".



AM:11:27:28/03/2019