كونسولخانەی ئێران لە ھەولێر لە بارەی پێدانی ڤیزاوە ڕوونكردنەوە دەدات

كونسولخانەی كۆماری ئیسلامیی ئێران لە ھەولێر، لە ڕاگەیاندراوێكدا ھاووڵاتییانی ھەرێمی كوردستان ئاگادار دەكاتەوە، كە حكوومەتی وڵاتەكەی ئامادەیی دەربڕیوە بۆ پێدانی ڤیزای ئەلیكترۆنی بە ھەڵگرتنی پاسپۆرتی عێراقی بە بێ بەرامبەر، بەڵام تا ئێستاش بۆ گەشتكردن بۆ ئێران پێویستییان بە ڤیزا دەبێت.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 28ی ئازاری 2019 كونسوڵخانەی ئێران لە ڕاگەیەندراوێكدا ئاشكرایكرد كە حكوومەتی وڵاتەكەی ئامادەیی دەربڕیوە بۆ پێدانی ڤیزای ئەلیكترۆنی بە ھەڵگرتنی پاسپۆرتی عێراقی بە بێ بەرامبەر، بەڵام بابەتەكە تا ئێستا پەسەندی كۆتایی بۆ نەكراوە و نەچووەتە بواری جێبەجێكردن.

هاوكات ئاگاداری ھاووڵاتییانی ھەرێمی كوردستان كراوەتەوە كە بە مەبەستی گەشتكردن بۆ ئێران، بە بێ ڤیزا سەردانی سنوورەكان نەكەن.
بە پێی ڕاگەیەنراوەكەی كونسولخانەی ئێران، لە ئەگەری پەسەندكردنی پێدانی ڤیزا بە بێ بەرامبەر، ھاووڵاتییان ھێشتا پێویستییان بە ڤیزا دەبێت بۆ گەشتكردن.

دوابەدوای سەردانەكەی حەسەن ڕۆحانی، سەرۆك كۆماری ئێران بۆ بەغدا، گفتوگۆی سەرەتایی بۆ ھەڵگرتنی تێچووی ڤیزا بۆ ھاووڵاتییانی ھەردوولا بە ھەرێمی كوردستانیشەوە، دەستی پێكرد، بەڵام تا ئێستا بڕیاری كۆتایی لەبارەوە نەدراوە.




PM:12:13:28/03/2019