هەرێمی كوردستان ماوەی چەند ڕۆژێكە هەناردەكردنی نەوتی لە ڕێگەی كۆمپانیای سۆمۆوە دەستپێكردووە و "سپی" زانیاری لەبارەیەوە ئاشكرادەكات.
سەرچاوەیەكی سیاسی باڵا بە "سپی" ڕاگەیاند لە ڕۆژی دووشەممەی ئەم هەفتەیەوە هەناردەكردنی نەوتی هەرێم لە ڕێگەی كۆمپانیای سۆمۆوە دەستپێكردووە كە بە واتای ڕادەستكردنی نەوت بە بەغدا دێت.
سەرچاوەكە ئەوەی ئاشكراكردووە ڕۆژی دووشەممە 25ی ئازاری 2019 بڕی 225 هەزار بەرمیل و ڕۆژی سێشەممە 26ی ئازاری 2019 بڕی 339 هەزار بەرمیل نەوتی هەرێم لە ڕێگەی كۆمپانیای عێراقی بە بازاڕكردنی نەوت "سۆمۆ" هەناردەكراوە.
سەرچاوەكە وتیشی "نازانرێت كە هەناردەكردنی نەوتی هەرێم لەڕێگەی سۆمۆوە بەپێی یاسای بودجە كە وا دیاری كراوە 250 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێكدا هەناردە بكات لەو چوارچێوەیەدایە و بەردەوام دەبێت یان نا".
هاوكات تا ئێستا هیچ بەرپرسێكی بەغدا و هەرێم بە فەرمی ئەو زانیاریەیان ئاشكرا نەكردووە و نازانرێت كە هۆكاری شاردنەوەی چییە.
بەگوێرەی یاسای بودجەی عێراق لە ئەگەری ڕادەستكردنی 250 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە بەغدا پابەند دەبێت بە ناردنی نزیكەی 900 ملیار دیناری مانگانە بە هەرێم وەك پشكی خۆی.