کۆمەڵ: پارتی دەستی بەسەر سەرۆکایەتی پەرلەماندا گرتووە

كۆمەڵی ئیسلامی هۆشداری دەدات لە تێپەڕاندنی پرۆژە یاسای سەرۆكایەتی هەرێم  و پیی وایە کە دەرئەنجامی خراپی دەبێت و هەرێمی كوردستان بەرەو ئاڵۆزی دەبات.

عەیدولستار مەجید سه‌رۆكی‌ فراكسیۆنی‌ كۆمه‌ڵی ئیسلامی بە میدیای فەرمی حزبەكەی راگەیاند،  فراكسیۆنەكەیان پرۆژە یاسایەكی سەبارەت بە سەرۆكایەتی هەرێم پێشكەشی سەرۆكایەتی پەرلەمان كردووە، بەڵام سەرۆكایەتی پەرلەمان تەنیا پرۆژەكەی پارتی و گۆڕانی وەرگرتووە.

وتیشی، ئەو رەفتارەی سەرۆكایەتی پەرلەمان پێشێلكردنی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانە و، جەختیكردەوە كە نابێت پرسێكی گرنگی وەك كاراكردنەوەی سەرۆكایەتی هەرێم بە رێككەوتنی دوو لایەن یان دوو فراكسیۆن تێپەڕێنرێت.

سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵ پرۆژە یاساکەی پارتی و گۆران بە خراپ وەستفکرد و هۆشداریشی دا لەوەی ئەو هەنگاوە هەرێمی كوردستان بەرەو ئاڵۆزی دیكە دەبات.

هاولات سۆران عومەر، ئەندامی فراکسیۆنی کۆمەڵ لە پەڕلەمانی کورستان بە میدیا حزبەکەی راگەیاندوە، کە پرۆژە یاسایەکیان بە تەواوی رێکارەکانەوە داوەتە سەرۆکایەتی پەڕلەمان بەڵام سەرۆکایەتی پەڕلەمان نەیگەیاندووەتە دەست لیژنەی یاسایی و پشتگوێ خراوە. 

پەرلەمانتارەکەی کۆمەڵ وتیشی،" ئەمە ئەوە دەسەلمێنێت پارتی دیموکرات دەستی بەسەر سەرۆکایەتی پەڕلەماندا گرتووە و بە ئارەزووی خۆی مامەڵە لەگەڵ پرۆژە یاساکان دەکات."



PM:11:28:28/03/2019