دەمیرتاش لە زیندانەوە پەیامێک بڵاودەکاتەوە

سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە داوا لە دەنگدەرانی حزبەکەی دەکات بچنە سەر سندوقەکانی دەنگدانی هەڵبژاردنەکانی تورکیا و هاوکاری و پشتگیری لە هەدەپە بکەن.

ئەمرۆ هەینی ٢٩ی ئازاری ٢٠١٩ سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە لە لاپەڕەی سەرەکی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر، سەبارەت بە هەڵبژاردنەکانی ٣١ی ئازاری تورکیا ڕایگەیاند، داوا لە دەنگدەرانی هەدەپە دەکات بچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان و پشگیری لە ستراتیژی هەڵبژاردنەکانی هەدەپە بکەن، وتیشی'' بەداخەوە من لەڕۆژی هەڵبژاردندا لەگەڵ ئێوە نیم و لە ژوورەکەمدا لە بەندیخانەی ئەدرنا چاوەڕوانی سەرکەوتنی ئێوەم، هیوادارم ئەنجامەکانی ئەم هەڵبژاردنە هەموومان خۆشحاڵ بکات''.

باسی لەوەشکرد، ڕۆژی یەکشەممە سندوقەکانی دەنگدان دەکرێتەوە داوا لەلایەنگرانی دەکات لەکاتی چوون بۆسەر سندوقەکانی دەنگدان جیاوازییە سیاسیەکانیان لەبیرنەکەن.

سەڵاحەدین دەمیرتاش نووسیویەتی، "ئەوەی چارەنوسی هەڵبژاردنەکان دیاری دەکات ئێوەن و دەبێت بە هێزو کاریگەری خۆمان ئەو شارانە لە قەیومەکان بسەنینەوە و ئەمە دەرفەتێکی مێژووییە دەنگی ئێمە هێزی ئێمە نیشاندەدات ".

سەڵاحەدین دەمیرتاش زیاتر لە دووساڵە لە لایەن حکومەتی تورکیاوە دەستگیر کراوە و سزای چوار ساڵ و هەشت مانگ زیندانی بەسەردا سەپێنراوە لەلایەن دادگای باڵای تاوانەکانی ئیستەنبوڵەوە.


PM:04:51:29/03/2019