سبەی هەڵبژاردن لە تورکیا بەڕێوەدەچێت ئەمرۆش ژمارەیەک کاندیدی هەدەپە دەستگیرکران

بڕیارە سبەینێ ٣٠ی ئازار هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە تورکیا ئەنجامبدرێت، پارتی دیموکراتی گەلان هەدەپە رایدەگەیەنێت، ئەمڕۆ ژمارەیەک کاندیدی ئەنجومەنی شارەوانییەکان کە سەر بە پارتەکەیانن دەستگیرکراون.

بە گوێرەی بەیاننامەیەکی پارتى دیموکراتى گەلان (هەدەپە) کە ئەمڕۆ بڵاویکردوەتەوە تیایدا ئاماژەی بەوە کردووە، 
٣٢ ئەندامیان لە ئیستەنبوڵ دەستگیرکراون کە لە ناویاندا کاندیدانى ئەنجومەنى شارەوانییەکانی تێدایە.

هەدەپە ئاماژەی بەوەشكردووە، دەستگیرکردنى ئەندامەکانیان هێرشە بۆ سەر پارتەکەیان و کاریگەرى دەبێت لەسەر ڕەوشى بەڕێوەچوونى هەڵبژاردنەکان.

هەڵبژاردنی شارەوانی و خۆجێیەکانی تورکیا پێنج ساڵ جارێک ئەنجام دەدرێن، لەم هەڵبژاردنەشدا 12 پارتی سیاسی رکابەری یەکتری دەکەن، کە ئەوانیش بریتین لە پارتی داد و گەشەپێدان "ئاکپارتی"، پارتی یەکێتی گەورە، پارتی تورکیای سەربەخۆ "بەتەپە"، پارتی کۆماری گەل "جەهەپە"، پارتی دیموکرات، پارتی چەپرەوی دیموکرات، پارتی دیموکراتی گەلان "هەدەپە"، پارتی چاک، پارتی بزتنەوەی نەتەوەپەرست "مەهەپە"، پارتی سەعادەت، پارتی نیشتیمان و پارتی کۆمۆنیستی تورکیا.

لە هەڵبژاردنی سبەینێ دا سەرۆک و ئەندامانی شارەوانییەکانی 30 گەورەشار، 51 ناوەندی پارێزگا، 922 شارۆچکە و دەیان هەزار گوند هەڵدەبژێردرێن؛ لە هەمان رۆژیشدا ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنەکان رادەگەیەندرێت.

بەگوێرەی ئامارەکان زیاتر لە 57 ملیۆن دەنگدەر مافی دەنگدانیان هەیە بۆ ئەوەش 194 هەزار و 715 سندوقی دەنگدان ئامادەکراون.

دیارترین ئەو پارتانەى ململانێی بەدەستهێنانى زۆرترین شارەوانى دەکەن، پێکهاتوون لە سێ هاوپەیمانێتی کە ئەوانیش یەکەمیان مەهەپە ئەکەپە، دووەمیان جەهەپە ئی پارتی هەروەها سێیەمیشیان لەنێوان هەدەپە، و پارتە کوردییەکانی دیکەن.


PM:10:18:30/03/2019