کەمال کەرکوکی: تا دۆخى کەرکوک ئاسایى نەکرێتەوە بەشدارى هەڵبژاردن ناکەین

کەمال کەرکوکی، بەرپرسی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی کەرکووک - گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان مەرج و هەڵوێستی حزبەکەی بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردن لە شاری کەرکووک ئاشکرا دەکات و ڕایگەیاندووە "تا دۆخى سیاسى و ئەمنى و ئیدارى کەرکووک ئاسایى نەکرێتەوە، بەشدارى هەڵبژاردن لەکەرکوک ناکەین".

کەمال کەرکوکی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕایگەیاندووە پرۆژە بۆ دۆخى کەرکووک پێشکەشکراوە و گفتوگۆى لەسەر دەکرێت، تا ئەنجامى گفتوگۆکان دەرنەکەون و دۆخى سیاسى و ئەمنى و ئیدارى شارەکە ئاسایى نەکرێتەوە، بەشدارى هەڵبژاردن لەکەرکوک ناکەین".

کەمال کەرکووکی ئاشکراشیکرد کە هەموو لایەنەکان بە ئەمەریکى و نەتەوە یەکگرتووەکانیشەوە لەهەوڵدان بۆ ئەوەى هەڵبژاردن لەکەرکووک نەکرێت، تا ئەوکاتەى هەلێکى وا دەرەخسێنرێت هەموو لایەنەکان پێی ڕازى بن.

بەرپرسی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی کەرکووک - گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە کە پێش ئەنجامدانى هەڵبژاردن ، تۆمارى دەنگدەران پاک بکرێتەوە و ئەنجوومەنى پارێزگا کارا بکرێتەوە.

ئەو بەرپرسەی پارتی پێیوایە بەوهۆیە کە ناوچەکانى رۆژئاواى کەرکووک چەند ساڵێکە لە ژێر کۆنترۆڵى داعشدان، نازانرێت کە کێ مافى دەنگدانى هەیە، کێ نیەتى، کێ خەڵکى ناوچەکەیە و کێ لە جێگەى ترەوە هاتووە و ڕاشیگەیاند کە دەبێت ئەمانە لەیەکترى جیا بکرێنەوە.


AM:09:37:31/03/2019