كونسوڵی ئێران لە سلێمانی: پێدانی ڤیزا لە سبەینێوە بێ بەرامبەرە

كونسوڵی ئێران لە سلێمانی ڕایگەیاند، لە سبەینێوە كە دەكاتە ١ی نیسانی ٢٠١٩ەوە پێدانی ڤیزا بە هاوڵاتییانی هەرێم و عێراق بێ بەرامبەر دەبێت و تەنانەت مۆری چوونە ناوەوە و هاتنە دەرەوە لە ئێران لە پاسۆرتەكانیان نادرێت بۆئەوەی پاسپۆرتەكانیان زیاتر بمێنێتەوە.

سەعدوڵا مەسعودیان، كونسوڵی ئێران لە سلێمانی لە كۆنفڕانسێكی ڕۆژنامەنووسیدا ڕایگەیاند، لە سبەینێوە دەستدەكەین بە پێدانی ڤیزا بە هاوڵاتییانی هەرێم و عێراق بە بێبەرامبەر، وتیشی "ئەو هاوڵاتیانەی پاسپۆرتەكانیان ڕادەستی كۆمپانیاكان كردووە ئەگەر ڤیزەكانیان لە بەرواری  ١ی نیسانی ٢٠١٩ لێدرا بوو، نابێت هیچ بڕە پارەیەك بدەن بە كۆمپانیاكە جگە لەو پارەیەی كە لەبەرامبەر ڕێكارەكانی وەرگرتنی ڤیزە لێی وەردەگیرێت كە لە نێوان سێ تا چوار هەزارە.

ئەوەشی ئاشكراكردووە، تەنانەت مۆری چوونە ناوەوە و هاتنە دەرەوە لە ئێران لە پاسۆرتەكانیان نادرێت بۆئەوەی پاسپۆرتەكانیان زیاتر بمێنێتەوە.

 ڕوونیشیكردەوە،ئەو كارە بە هەماهەنگی لەگەڵ عێراقدا كراوە و دەبێت عێراقیش هەمان كار بكات بەرامبەر ئێران، وتیشی، هاوڵاتیانی هەڵەبجە لە داهاتوودا لەبری سنوری باشماخ و پەروێزخان، دەتوانن لە سنوری نێودەوڵەتی شۆشمێوە بچنە ئێران.

كونسوڵی ئێران لە سلێمانی ڕوونیشیكردەوە، داوایان لە حكومەتی عێراق كردووە، وەڵامی ئەو پێشنیارەیان بدەنەوە كە ئەو ڤیزانەی بۆ چەندجار هاتوچۆ وەردەگیرێن ئەوانەش بكرێن بە بێ بەرامبەر، بۆئەوەی ئێرانیش ئەو جۆرە ڤیزانە بە بێ بەرامبەر بداتە هاوڵاتیانی عێراق.

ئەوەش لەكاتێكدایە مانگی ڕابردوو حەسەن ڕۆحانی سەرۆك كۆماری ئێران و شاندی یاوەری سەردانی عێراقیان كرد و چەند ڕێككەوتنێكیان واژۆكرد كە بە خۆڕایی كردنی ڤیزا لەنێوان هەردوو وڵاتدا یەكێك بوو لەو ڕێككەوتنانە.




PM:01:21:31/03/2019