حكومەتی عێراق پارەی قەرزی جوتیارانی هەرێم دابین دەكات

پەرلەمانتارێكی كورد لە پەرلەمانی عێراق ئاشكرای دەكات وەزارەتی بازرگانی حکومەتی عێراق پارەی قەرزی گەنمی جوتیارانی ھەرێمی کوردستانی دابین کردووە و تەنھا رەزامەندی ئەنجومەنی وەزیران ماوە.
 
محەمەد ئەمین فارس، پارلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی و  ئەندامی لیژنەی کشتوکاڵ لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق،  بەماڵپەڕی فەرمیی حیزبەکەی وتوە:" وەزارەتی بازرگانی حکومەتی عێراق ٤٨٠ ملیار دیناری جوتیارانی ھەرێمی ئامادەکردووەو لە یاسای بودجەش باس لەوەکراوە ئەگەر پارەکە کەمبێت لەسەر حکومەت ئەرکە تەواوی بکات کە ٧٠ ملیاری کەمە و بڕیارە ئەویش تەواو بکرێت، چونکە کۆی پارەی جوتیارانی ھەرێمی کوردستان ٥٥٠ ملیار دینارە.
 
وتیشی، وەزارەتی بازرگانی پارەی ئامادەکردووەو نووسراوی بۆ ئەنجومەنی وزیران کردووە بۆ خەرج کردنی پارەکە، چونکە پێویستی بە رەزامەندی ئەوان ھەیە و ئێمەش قسەمان لەگەڵ د.فوئاد حوسێن، وەزیری دارایی کردووە ئەویش لە ھەوڵدایە بۆ ئەوەی رەزامەندی ئەنجومەنی وەزیران وەرگرێت و پارەکەی بۆ دابین بکرێت، بۆیە پارەی جوتیارانی ھەرێم ئامادەیە و جوتیاران دڵنیادەکەینەوە پارەیان خەرج دەکرێت و ئێمە وەکو فراکسیۆنی پارتی لە ھەوڵی بەردەوام داین بۆ ئەوەی پارەکە خەرج بکرێت.



PM:04:13:05/04/2019