ئێران...هۆشداری دەدرێت لە دروستبوونى لافاوێکى دیکە

بەرپرسانى ئێران هۆشداریانداوە لە دروستبوونى لافاو و داواى چۆڵکردنى ١٤٠ شارۆچکە و گوند لە پارێزگاى خۆزستان دەکەن.

میدیاکانى ئێران لە زارى بەرپرسانى وڵاتەکە بڵاویانکردەوە، ڕێوشوێنى بەپەلەیان گرتووەتەبەر لە ئەگەرى دروستبوونى لافاوێکى دیکە لە پارێزگاکە و بەوهۆیەوە داواى چۆڵکردنى تەواوى شارۆچکە و گوندەکانى سنورى ڕووبارى کەرخە دەکەن لە پارێزگاى خۆزستان بەهۆى زیاتر بەردانەوەى ئاو لە بەنداوى کەرخەوە.

بەرپرسانی ئێران ئاماژەیان بەوەکردووە، دەبێت زیاتر لە ٤٠٠ هەزار کەس ماڵەکانیان جێبێڵن وڕووبکەنە خێوەتگەکان کە لەلایەن لیژنەى فریاکەوتنى کارەساتەکانەوە بۆ بەهاناوەچوونیان ئامادەکراوە.

بەهۆى ئەو باران و لافاوەى لە هەفتەى ڕابردووەوە باشورى ئیران و ڕۆژهەڵاتى کوردستانى گرتووەتەوە زیاتر لە ٧٠ کەس گیانیان لەدەستداوە و سەدان هەزار کەسیش بەهۆى ژێرئاوکەوتنى خانووەکانیانەوە ئاوارەبوون.


PM:05:58:07/04/2019