سوپای پاسدارانی ئێران هەڕەشە لە ئەمریکا دەکات

سوپای پاسدارانی ئێران هەرەشەی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کرد و ڕایگەیاند، هێزەکانی ئەمریکا لە خۆرئاوای ئاسیا ئارامی و ئاسایشی بە خۆیانەوە نابینین ئەگەر واشنتۆن سوپای پاسداران بخاتە لیستی تیرۆرەوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە ٧ی نیسانی ٢٠١٩ محەمەد عەلی جەعفەری، فەرماندەی سوپای پاسدارانی ئێران  لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندووە، ئەگەر ئەمریکا هێزەکانی سوپای پاسداران بخاتە لیستی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانەوە، ئەوا هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەی خۆرئاوای ئاسیا ئارامیی بەخۆیانە نابینن.

ئاژانسی هەواڵی فارس نیوز لە زاری جەعفەرییەوە بڵاویکردەوە "ئەگەر ئەمریکا ئەو بڕیارە هەڵەیە بدات  ئەوا هێزەکانی لە ناوچەکانی خۆرئاوای ئاسیا ئارامی و ئاسایش بە خۆیانەوە نابینن".

جەعفەری ڕوونیکردەوە، ئەگەر ئەمریکییەکان ئەو هەنگاوە بنێن و ئاسایشیی نەتەوەیی ئێران بخەنە مەترسییەوە ، ئەوا ئێران ڕێوشوێنی بەرپەرچدانەوە دەگیرێتە بەر".

سوپای پاسدارانی ئێران لە دوای بەرپابوونی شۆڕشی ئیسلامی ئێران لە ساڵی ١٩٧٩ بە فەرمانی ئایەتوڵا خومەینی ڕابەری پێشووی ئێران دامەزراوە و ئەرکی ئەو هێزە پاراستنی سیستمی کۆماری ئێسلامی ئێرانە لە ناوەوە و دەرەوە، لە کاتێکدا سوپای ئێران ئەرکی پاراستنی سنورەکانی ئەو وڵاتەی لە ئەستۆدایە.

بە گوێرەی دەستوری ئێران کاری سەرەکی سوپای پاسداران پاراستنی سیتمی ئێران و ڕێگریکردن لە دەستوەردانی دەرەکی و کودەتای سەربازی لەناوبردنی ئەو جوڵانەوانەی کە دژی دەسەڵاتی ئێران بەرپا دەبن.


PM:07:07:07/04/2019