ئەمریکا سوپای پاسدارانی خستە لیستی تیرۆرەوە

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا ڕایگەیاند، سوپای پاسدارانی ئێران دەخاتە لیستی تیرۆری وڵاتەکەیەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە ٨ی نیسانی ٢٠١٩، دۆناڵد ترەمپ لە بەیاننامەیەکدا کە  کۆشکی سپی بڵاویکردووەتەوە، ئاشکرایکرد "ئەمڕۆ ڕایدەگەیەنین ئیدارەی ئەمریکا سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێرانی دەخاتە لیستی تیرۆرەوە''.

ئەمریکا فەیلەقی قودس وەکو بەشێکی سەرەکیی سوپای پاسداران کە ئەرکی جێبەجێکردنی چالاکییە تایبەتییەکانە، دەخاتە ناو لیستی تیرۆرەوە.

 ترەمپ لە بەیاننامەکەیدا سوپای پاسدارانی بە بەشداریکردن لە چالاکیی تیرۆرستی و پشتیوانیکردن و درێژکردنەوەی ئەرکی وەکو بەشێک لە سیاسەتی دەسەڵاتدارانی ئێران تۆمەتبارکرد، ئەوەشی خستەڕوو کە سوپای پاسداران نوێنەرایەتیی حکومەتی ئێران بۆ ڕێکخستن و جێبەجێکردنی هەڵمەتی تیرۆری جیهانی دەکات.

ئەوەش لە کاتێکدایە دوێنی یەکشەممە محەمەد عەلی جەعفەری فەرماندەی سوپای پاسدارانی ئێران لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ئەگەر ئەمریکا هێزەکانی سوپای پاسداران بخاتە لیستی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانەوە، ئەوا هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەی خۆرئاوای ئاسیا ئارامیی بەخۆیانە نابینن.

سوپای پاسدارانی ئێران لە دوای بەرپابوونی شۆڕشی ئیسلامی ئێران لە ساڵی ١٩٧٩ بە فەرمانی ئایەتوڵا خومەینی ڕابەری پێشووی ئێران دامەزراوە، ئەرکی ئەو هێزە پاراستنی سیستمی کۆماری ئێسلامی ئێرانە لە ناوەوە و دەرەوە، لە کاتێکدا سوپای ئێران ئەرکی پاراستنی سنورەکانی ئەو وڵاتەی لە ئەستۆدایە.

 


PM:07:07:08/04/2019