هەسەدە مەرجەکانی بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ تورکیا راگەیاند

فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات -هەسەدە رایگەیاند بە دوو مەرجی سەرەکی ئامادەن گفتوگۆ لەگەڵ تورکیادا بکەن/

مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات ڕایگەیاند، ئەوان بە دوو مەرجی سەرەکی ئامادەن گفتوگۆ لەگەڵ تورکیادا بکەن، یەکەم چوونە دەرەوەی لە ناوچەی عەفرین و دووەمیشیان نابێت تورکیا بە هیچ شێوەیەک هەڕەشە لە ناوچەکانی باکور و خۆرهەڵاتی سوریا بکات.

وتیشی، ئیدارەی مەدەنی و سەربازیی باکور و خۆرهەڵاتی سوریا لە قۆناغی داهاتوودا ئامادەیە بۆ کردنەوەی دەرگای وتووێژ لەگەڵ تورکیادا، بەو مەرجەی هێزەکانی تورکیا ناوچەی عەفرین جێبهێڵن کە لە مانگی ئازاری ٢٠١٨دا داگیریانکردووە.

مەزڵوم عەبدی باسی لەوەشکرد، کە مەرجی دووەمیشیان ئەوەیە دەبێت تورکیا بە هیچ شێوەیەک هەڕەشە نەکات لە ناوچەکانی باکور و خۆرهەڵاتی سوریا، بۆئەوەی هێزە نیشتیمانییەکان لە سوریا لە قۆناغی داهاتوودا بتوانن ئاشتی لە ناوچەکەدا و لە دوای لەناوبردنی داعش بەرقەرار بکەن.

فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات ئەوەشی خستەڕوو، هێزەکانیان مافی خۆیانە بەرگری لە ناوچەکانی خۆیان بکەن لە بەرامبەر هەر هەڕەشە و هێرشێک کە ببێتە مایەی نائارامی لە سوریا و بەتایبەتییش لە ناوچەکانی باکور.




AM:12:06:09/04/2019