چوار موچەی پێشمەرگە دەنێردرێت

سەرۆك وەزیرانی‌ عیراق بڕیاریداوە موچەی چوار مانگی ئەمساڵی هێزەكانی پێشمەرگە بەیەكەوە ڕەوانەی هەرێمی كوردستان بكرێت.

سەرچاوەیەك لە ئەنجومەنی وەزیرانی حكومەتی عێراق بە "سپی" ڕاگەیاند "عادل عەبدولمەهدی نوسراوی تایبەت بە ڕەوانەكردنی موچەی پێشمەرگەی واژۆ كردووە و ئاڕاستەی وەزارەتی دارایی كراوە بۆ خەرجكردنی".

سەرچاوەكە ئەوەشی ئاشكراكرد كە موچەی پێشمەرگە ڕاستەوخۆ دەخرێتە سەر وەزارەتی دارایی  و لەگەڵ موچەی فەرمانبەران بۆ هەرێمی كوردستان ڕەوانە دەكرێت.

ئەو سەرچاوەیە سەبارەت بە بڕی پارەكە ئاماژەی بۆ ئەوەكرد پارەكە بۆ موچەی هەر چوار مانگی ئەمساڵە و  بڕەكەشی 816 ملیار دینارە.

لە ئەگەری ناردنی ئەو بڕەپارەیە لەگەڵ موچەی فەرمانبەرانی هەرێم حكومەتی هەرێم لەم مانگەدا لە توانایدا دەبێت لەگەڵ بڕێكی كەمی داهاتی ناوخۆ دوو مووچە دابەش بكات، بەڵام نازانرێت كە ئایا حكومەتی هەرێم ئەو بڕیارە دەدات یان نا.



PM:03:12:10/04/2019