سوپای پاسداران وەڵامی ئەمریكای دایەوە

سوپای پاسدارانی ئێران بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوە و ڕایگەیاند، "لەمەودوا ستراتیژی وەڵامدانەوەی هاوشێوە دەداتەوە، لە بەرامبەر هەر دەستدرێژییەك كە بكرێتە سەری و وانەیەك دەدات بە دوژمن بەشێوەیەك هەرگیز لەبیری نەچێتەوە".

ئەمڕۆ چوارشەممە ١٠ی نیسانی ٢٠١٩ لە بەیاننامەیەكدا سوپای پاسداران  بڵاویكردەوە، ستراتیژیەتی وەڵامدانەوەی هاوشێوە دەگرنە بەر لە بەرامبەر هەر هێرش و دەستدرێژییەكی دوژمندا، لە كاتی پێویستیشدا وانەیەكی دوژمن دادەدەن كە هەرگیز لەبیری نەچێتەوە.

لە بەیاننامەكەدا سوپای پاسداران ئاماژەی بەوەكردووە، بڕیاری دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا، بەردەوامبوونی شكستە یەك لەدوای یەكەكانی كۆشكی سپییە لە ناوچەكەدا.

لە بەشێكی تری بەیاننامەكەدا ڕوونكراوەتەوە "ئەو ڕێوشوێنەی ئەمریكا گرتوویەتییە بەر لە بەرامبەر سوپای پاسداران، ڕێوشوێنێكی نایاساییە و بەڵگەیە لەسەر قوڵی ئەو ڕق و كینەیەی ئەمریكا لە بەرامبەر ئەو دامەزراوە جەماوەریەدا، كە توانیویەتی یەكێتی نیشتیمانی وڵات بپارێزێت و پشتیوانی لە شۆڕش بكات".

ئەو هەڵوێستە نوێیەی سوپای پاسداران لە بەرامبەر ئەمریكا دوای ئەوە دێت حەسەن ڕۆحانی سەرۆك كۆماری ئێران ڕایگەیاندبوو، ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا خۆی ڕووبەڕووی كارەسات دەكاتەوە، ئەگەر بێت و بڕیارەكە سەبارەت بە سوپای پاسداران بخاتە بواری جێبەجێكردنەوە، دوای ئەوەی ناوی ئەو سوپایەی خستووەتە لیستی ڕێكخراوە تیرۆریستییەكانی وڵاتەكەیەوە.

ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، سوپای پاسدارانی خستە لیستی ڕێكخراوە تیرۆریستییەكانەوە، ئەوەش بۆ یەكەمجارە واشنتۆن قەوارەیەكی فەرمی دەوڵەتێكی بیانی بخاتە لیستی تیرۆری وڵاتەكەیەوە.



PM:03:41:10/04/2019