دوای 30 ساڵ بەشیر ناچاركرا واز لە پۆستەكەی بهێنێت

بەرەبەیانی ئەمڕۆ سوپای سودان، عومەر حەسەن بەشیر سەرۆكی وڵاتەكەیان لە كارخست و كۆتایی بە حوكمی 30 ساڵەی هێنرا و لەناو كۆشكی سەرۆكایەتی دەستبەسەرە.

سەرچاوە هەواڵیەكانی سودان ئاماژەیان بەوەكردوە، كە بەشیری تەمەن 75 ساڵ لەنێو كۆشكی سەرۆكایەتیدایە و دەستبەسەرە و دوای ئەو هەنگاوەش ئاهەنگی و خۆشی دەربڕینی خۆپیشاندەران دەستیپێكردوە و تائێستاش بەردەوامە.

لەو چوارچێوەیەشدا عادل مەحجوب وەزیری بەرهەمهێنان و سەرچاوەكانی ئابوری لە ویلایەتی باكوری دارفور و سەرچاوە حكومییەكانی سودان ئاماژەیان بەوەكردوە، كە بەشیر لە دەسەڵاتدا نەماوە و گفتوگۆ و راوێژیش بەردەوامە بۆ پێكهێنانی ئەنجومەنی سەربازی بۆ وەرگرتنی دەسەڵاتی وڵاتەكە.

لە ساڵی 1989دا عومەر حەسەن بەشیر كودەتایەكی سەربازیی بەسەر دەسەڵاتی ئەوكاتی سوداندا كرد و لەوكاتەشەوە تا ئەمڕۆ، كە لە پۆستەكەی دورخرایەوە، تەنها لە ساڵی 2010دا هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی رێكخست و لەوێشدا ئۆپۆزسیۆن بەهۆی پێشێلكاری و ساختەكردنەوە لە پرۆسەكە كشایەوە.



PM:01:55:11/04/2019