چەندین بەڕێوەبەری گشتی بۆ مانەوە لە پۆستەکانیان بەرتیل دەدەن

عالیە نوسەیف، پەرلەمانتاری عێراق رایگەیاند کە چەندین بەڕێوەبەری گشتی پارەیەکی زۆریان داوە بۆ مانەوە لە پۆستەکانیاندا.

ئەو پەرلەمانتارە باسی لەوەشکرد کە لە پەرلەمان واژۆ کۆکراوەتەوە بۆ ئەوەی کەسە گەندەڵەکان لە پۆستەکانیان لاببرێن بە تایبەت ئەو بەڕێوەبەرە گشتییانەی کە لەڕێگەی بازرگانانەوە پارە دەدەن بە سەروو خۆیان تا لە پۆستەکانیاندا بمێننەوە.

وتیشی "چەندین بەڕێوەبەری گشتی لەڕێگەی بازرگانانی نزیک لە هەندێک وەزیرەوە، بەرتیلیان داوە تا لە شوێنەکانیاندا بمێننەوە، بەرتیلەکەش بەجۆرێکە هەندێک پۆستی بەڕێوەبەری گشتی نرخەکەی گەیشتوەتە نیو ملیۆن دۆلار".

ئەوەشی وت "واژۆ کۆکراوەتەوە بۆ ئەوەی لەمەودوا بەڕێوەبەرە گشتییەکانیش لەناو پەرلەمانەوە هەڵبژێردرێن، بۆ ئەوەی کەسانی گەندەڵ و دەستپاکیش وەک یەک مامەڵەیان لەگەڵ نەکرێت".


PM:04:25:11/04/2019