دەستەی نەزاهەی عێراق: ١٤ بەرپرس و فەرمانبەر بە تۆمەتى بردنى ١٥ ملیار دینار دەستگیرکران

دەستەى نەزاهەى عێراق رایگەیاند ، بە تۆمەتی ١٥ ملیار دینارى حکومەت ژمارەیەک بەرپرس و فەرمانبەر لە دیوانى پارێزگاى نەینەوا دەستگیرکراون.

ئەمڕۆ پێنجشەممە ١١ی نیسانی ٢٠١٩ دەستەى نەزاهەى عێراق لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوەکردووە، ١٤ بەرپرس و فەرمانبەران لە دیوانی پارێزگای نەینەوا ١٥ ملیار دیناریان بردووە، کە هەشت ملیار و ٧٠٠ ملیۆنیان بەشێوەى کاش بووە و پێنج ملیار دیناریش لە یەکێک لە بانکە حکومییەکان و ملیارێک و ٤٣٥ ملیۆن دیناریشیان لە بەشى ئەندازیاری دیوانى پارێزگادا بردووە.

ئەوەشهاتووە، هەریەک لە سەرۆکان و ئەندامانى لیژنەى ڕاکێشانى پارە لە بەشى پەرەپێدانى ناوچەکانى دەرەوەى شار کە تایبەتن بە چاککردنەوەى ڕێگاوبانى گوندەکان لە بردنى ئەو ١٥ ملیارە تێوەگلاون.

لە بەیاننامەکەى دەستەى نەزاهەدا ئەوەش ڕوونکراوەتەوە، لەئێستادا بە پێی ماددەى ٣١٥ لە یاساى سزادانى عێراقى سەرجەم ئەو بەرپرس و فەرمانبەرانە دەستگیرکراون.


PM:08:19:11/04/2019